پێویستە گۆڕانکارییەک بکرێت لەم وەرزشە
پێویستە گۆڕانکارییەک بکرێت لەم وەرزشە
ھەولێری پایتەختی کوردستان یەکێک لەم شارانەی کە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لە یارییە جۆراوجۆرەکانی وەرزشی یاری لەش جوانیش بە شێوەیەکی بەرچاو پەڕەی سەندووە لەم شارە بە کردنەوەی چەندین ھۆڵی وەرزشی خولیای یاریزانانی لاوی بۆ ئەم یارییە ڕاکیشاوە یەکێک لەم یاریزانە بەتوانایانەش کە ماوەیەکی زۆرە لە خزمەتی ئەم یارییە و خاوەن چەندین ئەنجام و بڕوانامەی جیھانییە جەواد جەعفەر یابەیە کە یەکێک لە پاڵەوانەکانی کوردستان و خاوەن چەندین بڕوانامەی جۆراوجۆرە بە تایبەتی دەرچووی بەشی ئەکادیمیای بەشی خۆراک لە ووڵاتی ئەڵمانیا و شاڕەزا لە بواری دابەزاندن کێش و زیاد کردنی کێش ئێستا خەریکی تەواو کردنی بەرزترین بڕوانامەیە لە دەرەوەی ووڵات ناوبراو بوو لە دایک بووی ساڵی ١٩٨٤ە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* ئاستی یاری لەشجوانی بە شێوەیەکی گشتی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-بەڕاستی ئەوەی کە من دەیبینم بە دوو شێوازە یان ئەوەتا ئەو کەسە پاڵەوانە و خاوەن ئەزموونە و ئەزموونەکەی خۆی سەرف ناکات شاڕەزاییەکی باشی لەم یارییە ھەیە و کەس پێ ڕاناگەینێتن ،یان ئەوتایە حەسودی ھەیە کەس پێ خۆش نییە ئەوکەی تر لەوی تر لە پێش تر بێت و سەرکەوێت بە ھەردوو لایەنی باش و خراپی دەبینم.
* بە بۆچوونی تۆ وەکو پاڵەوانێک، چی بکرێت باشە بۆ بەڕەوو پێش چوونی ئەم یارییە؟
- سەرەتا پێویستە گۆڕانکارییەک بکرێت لەم وەرزشە، چونکە چەندین کەس ھەیە لەم یەکێتیە وەرزشییە چەەدین ساڵە لە شوێنی خۆی ماوەتەوە دەبیت گۆڕانکاری بکرێت، جگە لەوەش کردنەوەی خولی بەھێز کەوا کەسی ئەزموون دار و پاڵەوان لە دەرەوە بھێنن ھەر چەندە پاڵەوانی ناوەخۆیشمان ھەیە خولەکە لە دە رۆژ زیاتر نەبێت و شتی گرنگ بێت نەک وەکو ئەو خولەکەی کە بۆ ماوەی تەنیا دە رۆژ خولێک دەکرێتەوە بڕوانامەی پێ دەدرێت ئەدی ئەوەی کە زۆر دەمێکە لە نێو ئەم یارییە بەوی دەلێن چی.
* کردنەوەی پاڵەوانێتی ساڵانە یەک جار ئایا دەبێتە ھۆکار بۆ پێشوەچوونی ئەم یارییە؟
-پێویستە ساڵانە چەندین پاڵەوانیەتی بکرێتەوە، بەڵام پێوستە ئەو ناوبژیوانانەی یارییەکان بەرێوە دەبن سوێند بدرێن بەر لە پاڵەوانیەتیەکە چونکە زۆربەی جار لە پاڵەوانیەتیەکان کێشە درووست دەبێت چونکە بەر لە دابەزینی یاریزانەکە ئەنجامەکەی لایە پێیان گوتووە ئەوە ڕاستیەکە ناتوانین خۆمان لێ بشارینەوە، خولەکان بەشێوەیەکی ئەکادیمی بکرێت ئەگەر ساڵی یەک جاریش بێت، من پێم باشە ساڵانە دوو تا سێ جار بکرێت زۆر زۆر باشە بەڵام بە مەرجێک ناوبژیوانەکان عەداڵەت بن نەک ھەر کەسەو یاریزانی خۆی یەکەم بکات.
* گرفتی یاری لەشجوانی لە چی دەبینی؟
-زۆر کەس ئەم یارییەی وەکو پەمپی ھەوا تێگەیشتووە، ھەرکەس دەلێ من دوو پرۆتین بخۆم لەشم ھەڵدەستێت، یاری لەش جوانی یارییەکی تا بلێ ترسناکە ، لەلایەکی تریش ڕاستە ئەم یارییە دووەم یارییە لە دوای تۆپی پێی بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی ئەکادیمی بچیتە دوای ئەم یارییە خۆت ماندوو بکەی و خشتەی خواردنت ئەو مادانەی کە بەکاری دەھێنی دەبێت حکومەت لە رێگای وەزارەتی تەندروستی و رێگای کۆنترۆلی جۆری ئەم ماندانە داخیل بووبی ئەوکاتە بەکری بینی، من پێم باشە ئەوەی ئەو مادانە بەکار دەھێنێ سەرەتا بچێت سەردانی دکتۆرێک بکات، پشکنینی گشتی بکات ئینجا بەکاری بھێنێت ئەم یارییە زۆر بە مەسروفە.
*کردنەوەی ئەم ھۆڵانە تا چەند لایەنێکی خزمەتە و ئەوی تری بارزگانی؟
-پێم خۆشە ھۆڵ زیاتر بکرێتەوە، بەڵام بەچ شێوازێک کەسێک بە ماوەی دە رۆژ بڕوانامەیەکی دراوەتێ ھۆلێک دەکاتەوە ئەوە لە ھیچ یاسایەک نییە چونکە ئەو کەسە نە پاڵەوانە نە دەتوانی لەشی خۆی جوان بکات، ئەو ھۆڵانەش یان ئەوتا لەبەر بڕێک پارە کە مۆڵەتی کردنەوەیان پێ دەدرێت ، کەچی ھەندێکیش لەخۆیان دوور دەکەنەوە کە چەند رێنماییەکیان داناوە شتی وا نییە لە حکومەت، بڕیاری ئەو یارییەی ئێمە لای ئەنجومەنی وەزیرانە نەک دوو سێ کەس کە بەلا مەرکەزی بڕیار بدەن ئەو ھۆڵانەش من زیاتر بە لایەنی بازرگانی دەبینم زیاترە لە لایەنی وەرزشییەکە چونکە زۆر ھۆڵ ھەیە رێنماییەکانی تەواو نییە ھەیە خاوەن پارەیە چونکە بە ھاوکاری چەند کەسێک ھۆڵی کردۆتەوە
* ھەست ناکەی ئێستا ئەم یارییە زیاتر پەرەی ساندوە لە ناو چینی گەنجان؟
-ڕاستە ژمارەیەکی زۆر گەنجان دێنە ئەم ناو ئەم یارییە ، بەڵام لەسەرەتایی پەیوەندی کردن داوای مادەی ھۆرمۆنات دەکات کە زۆر مەترسیدارە، ھەندێک کەس ھەنە ھۆرمۆنی ئاژەڵیش دەفرۆشن، من وەکو یاریزانێک بەکار دەھێنم ، بەڵام بەھیچ کەسێک نالێم بەکاری بھێنن چونکە چەندین جۆر دەرمان ھەیە ئەم یارییەش یارییەکی ئۆلمپی نییە لەبەر بەکارھێنانی منشیتات .
* بەرنامەت چیە بۆ داھاتوو؟
-ئەوەی ڕاستی بێت بەرنامەم یەکجار زۆر چ بۆ وەرزشەکەم چ بۆ خوێندنەکەم لەم ماوەیە ھەمووی بەدەست دەھێنم پەنا بەخودای گەورە.
* بڕیاری وازھێنانی یەکجاریت نەداوە لەم یارییە؟
- نەخێر ئەم یارییە لەگەڵ خوێنم تێکەل بووە ئەو یاریزانەی کە یاریش دەکات حەز دەکەم بەشێوازێکی ئەکادیمی یاری بکات بیر لەوە نەکاتەوە لە سەرەتا دەرزی و مادە بەکار بھێنێت و سەردانی کەسی پسپۆر بکات لەم بارەیەوە.
*لە ئێستادا خۆت بۆ چی ئامادەدەکەی؟
- من ئامادەکاری لە دوای مانگی ڕەمەزان دەست پێ دەکەم، بەڵام نامەوێ جارێک ناوی پاڵەوانیەتیەکە ئاشکرا بکەم.
*کردنەوەی ئەم ھەموو ھۆڵە تا چەند تەندرووستە ؟
- من خۆم بینیومە یاریزان ھاتووە بە پانتۆل یاری کردووە یاخود بەکارھێنانی جلی نایلۆن ئەوەش تەندروست نییە ، پێویستە لەسەر ئەوکەسانەی کە ڕاھێنەرن لە ۆھڵەکان ئامۆژگاری ئەو کەسانە بکەن کە دێنە ھۆڵەکان با جل و بەرگی وەرزشی لەبەر بکەن و پیلاوی وەرزشی ، چونکە ئەو چینانەی کە دێنە ھۆڵەکان چەند جۆرێکن ھەر یەکەو بۆ مەبەستێک ھاتووەە ئەوجا بۆ نەخۆشی بۆ کەم کردنەوەی کێش جۆراوجۆرە پاک و خاوێن لە ھەمووی زەرووترە ،ھۆَەکان دەبێ ئۆکسجین و حەمام و توالێت و ھەموو ئەو شتانەی ھەبێت .
*بەچ یاریزانێکی لەش جوانی جیھانی سەرسامیت؟
- بە زۆر یاریزان سەرسام بوویمە بەڵام ئێستا بە یاریزانی نێودەوڵەتی فلھێس خاوەن لەشێکی رێکە و زۆر خۆی بەم یارییە ماندوو کردووە.
*ماوەیەک بەشداری بەرنامەی بەھێزترین پیاوانی کوردستانت کردو بوویتە پاڵەوان ئێستا ھیچ بەرنامەیەک نییە بۆ ئەوەی کارێکی لەم جۆرە بکەن ؟
-داوکارم لەو کەسانەی کەلە لایەنی وەرزش بەرپرسن داوا دەکەم ئەو پاڵەوانیەتی بەھێزترین پیاوانی کوردستان بکرێتەوە، جێگای داخە ئامێرەکانیش فرۆشران وەکو خۆم ئامادەم ئەم ئامێرانە درووست بکەین بە مەرجێ: چەند لایەنێک وەکو سپۆنسەر بتوانن بۆ ئەوەی بتوانین بەرنامەکە پێشکەش بکەین و بەرنامەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو حەز دەکەم بکرێت چونکە ھێز و توانای کوردیش بەدیار دەکەوێت ئەمە یارییەکە لەھەموو جیھان دەکرێ بەتایبەتی لە ووڵاتی ئەمریکا، من بەھەموو شێوەیەک پاڵپشتی ئەم یارییە دەکەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- ھیوادارم ئەم یارییە زیاتر پێشبکەوێت لەسەر ئاستی کوردستان و زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش کە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشکارانن بە بێ جیاوازی.
