پێویستە بەبەردەوامی خول و پاڵەوانیەتی بکرێتەوە
پێویستە بەبەردەوامی خول و پاڵەوانیەتی بکرێتەوە
یانەی وەرزشیی ئەفرۆدێت یەکێک لەم یانانەی کە تایبەتە بە یارییەکانی ئافرەتان لە شاری سلێمانی و تیپی تۆپی دەستی یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە و کچە یاریزانانی بەتوانایە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان سارا عەبدولواحید ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی دەستی کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانیە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی سلێمانی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی ؟
-ئاستی یارییەکە خراپ نییە تاڕادەیەک بەڵام پێویستی بە بەرەوو پێشچوونی زیاتر ھەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
- بە ئەندازەیەکی زۆر لایەنی سلبی ھەیە لەسەر یارییەکە و دەبێتە ھۆی سارد بوونەوەی یاریزانان و لاواز بوونی یارییەکە ئەوەش ھۆکارێکە کە بایەخی ئەوتۆی پێ نەدرێت لەلایەن یاریزانانەوە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-پێویستە بەبەردەوامی خول و پاڵەوانیەتی بکرێتەوە جگە لەوەش کردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شارەکانی کوردستان و رێگەدانی خێزانەکان بە رۆڵەکانیان بۆ وەرزش کردن و ئاسنکاری یانەکان و ھاندانیان.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی دەستی لە چی دەبینی؟
-کەمی تیپی تۆپی دەست و رێک نەخستنی پاڵەوانیەتی و نەبوونی ھۆڵی داخراو مەرج و ژینگەی گونجاو ئەوانە ھەمووی ھۆکارن کەوا ببێتە گرفت بۆ یارییەکە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەردەوامبوونم لە وەرزش کردن و خزمەت کردنی وەرزش لە شاری سلێمانی.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-ئەگەر ئاستی یاریزانەکانی یانەکان لە ئاستێکی بەرزدا بێت بتوانن ئەنجامێکی باش بەدەست بھێنن نەخێر.
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری؟
-نەخێر باوکیشم یاریزانی بالە بووە لە ئاستی ھەڵبژاردەی عێراق یاری کردووە، براکەشم یاریزانی یاری باسکەیە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-گرینگیدانی زیاتر بە یاری تۆپی دەست و رێکسختنی چاڵاکی و پاڵەوانیەتی بەردەوام بۆ ئەوەی وەرزشی تۆپی دەستیش ھیچی لە یارییەکانی تر کەمتر نەبێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خزمەت گەیاندنم بە وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-بەھیوای ئەوەم رۆژێک لە رۆژان ئەم ھەڵبژاردەیە دابنرێ و منیش یەکێک بم لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بە یاریزانی بەتوانا nikola karabatic
*ئەگەر شتێکت ماوە ؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ خزمەت کردنی وەرزشکاران بە گشتی سوپاس بۆ ئەو کەسانەی کە بەردەوام ھاوکارمانن لە وەرزشکردن.
