رۆناڵدۆ لە بارەی باجەوە وەڵامی ئەنجومەنی مەدریدی دایەوە

رۆناڵدۆ لە بارەی باجەوە وەڵامی ئەنجومەنی مەدریدی دایەوە
دوای ئەوەی ئەنجومەنی مەدریدی پایتەخت تۆمەتێكی دیكەی خستە پاڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و ئەستێرەی هێڵی پێشەوەی یانەی ریال مەدرید و هەرەشەی بەندكردنی لێكرد، یاریزانەكە وەڵامی خۆی هەبوو.

بەپێی ئەو هەواڵەی لە رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاوكراوتەوە، رۆناڵدۆ لەلایەن ئەم ئەنجومەنە تۆمەتی خۆدزینەوەی لە باجدان دراوەتە پاڵ و ئەگەر هەیە بەند بكرێت.

ئەو ئەنجومەنە بڵاوی كردۆتەوە، رۆناڵدۆ تۆمەتبارە بە خۆدزینەوە لە باجدان لەنێوان ساڵان (2011 تا 2014) و بڕی (14) ملیۆن یۆرۆی بە حكومەت نەداوە.

بەپێی ناوەرۆكی بەیاننامەكەی ئەم ئەنجومەنە هاتووە: رۆناڵدۆ هاوشێوەی میسی پەنای بۆ كۆمپانیایەكی تایبەت بردووە كە لە ساڵی (2010) دامەزراوە بۆ ئەوەی كاری خۆی بكات و بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ خۆی لە باجدان بدزێتەوە.

لەمبارەیەوە رۆناڵدۆ لەرێگای پارێزەرەكەیەوە وەڵامی خۆی هەبووە و بە هەواڵێكی ناراستی لەقەڵەمداوە و پێی وایە ستەمێكی زۆری لێكراوە.

ئەگەر ئەم تۆمەتە بەسەر رۆناڵدۆ یەكلایی بكرێتەوە كە بۆ ماوەی چەند ساڵێك باجی بە حكومەت نەداوە، ئەوا ئەستێرە پورتوگالییەكە بۆ ماوەی (2) ساڵ بەند دەكرێت.

محمد سلێمان
Top