گرفتی یارییەکانی بالە تەنیا ئەوەیە کە پاڵەوانیەتیمان نییە
گرفتی یارییەکانی بالە تەنیا ئەوەیە کە پاڵەوانیەتیمان نییە
یانەی وەرزشیی ئەفرۆدێت یەکێک لەم یانانەی کە تایبەتە بە یارییەکانی ئافرەتان لە شاری سلێمانی و تیپی تۆپی بالەی یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە و کچە یاریزانانی بەتوانایە چەند رۆژێک بەر لە ئێستاش نازناوی خولی بالەی یانەکانی سلێمانی بەدەستھێنا ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان باخان عوسمانە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە خولی نایابی تۆپی بالەی کوردستان ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٣ی شاری سلێمانیە دەرچووی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی سلێمانی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی ؟
- ئاستی یاری بالە لەم چەند ساڵە زۆر دابەزیوە بە تایبەتی بالەی کچان ئەگەر بە ھەوڵ و ماندبوونی چەند ڕاھێنەرێک نەبێت بالەی کچان بەتەواوەتی نامێنێ، چونکە ھیچ خوڵ و پاڵەوانیەتیەک نییە ئەگەر ھەش بێت بۆ سێ ساڵ جارێک ئەبێت بە چوار رۆژ تەواو دەکەن.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
- بێگومان کاریگەری دەبێت لە ساڵی ٢٠١٣ تاکو ساڵی ٢٠١٧ یەک پاڵەوانیەتی بالەی کچان کراوەتەوە لەسەر ئاستی ھەرێم ئەویش بە چوار رۆژ تەواویان کرد، پاڵەوانیەتی بوونی ھەر نییە بەتەواوتی ئاستی یاری بالە دابەزیوە .
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی بالە کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-دوا لە یەکێتی بالە دەکەم پاڵەوانیەتی بۆ سەرجەم ئاستەکان بکاتەوە من ئەوا بۆ شەش ساڵ ئەچێت بۆ ئاستی لاوان و تازە پێگەیشتوانی نەکردۆتەوە ئەو یاریزانانەش ھەمانە لە پێشکەوتووان بەرەوو نەمان دەچن بناغەمان نییە لەم یارییە، یاریزان ھێزی مەشقیشی نەماوە چونکە لەسەر یانەکان و بەرپرسانی وەرزشی پێویستە گرنگی بە بالەی بالەی کچان بدەن بەتایبەتی تیپی منداڵان لقی شارەکان پاڵەوانیەتی بکەنەوە بۆ ئاستەکانی تەمەن ، لە رووی مەسروفاتیشەوە نیوەی پارەی تۆپی پێی تێ ناچێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی بالە لە چی دەبینی؟
-گرفتی یارییەکانی بالە تەنیا ئەوەیە کە پاڵەوانیەتیمان نییە ، چونکە من لە یانەکەی خۆمانەوە سەیر دەکەم نزیکەی ٣٥ یاریزانمان ھەیە و ھیچ خولێک نییە ، جگە لەوەش ھۆڵی داخراومان نییە .
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
- بەلێ چەندین یانە داوای کردوومە، بەڵام ھەمووم ڕەت کردۆتەوە لەبەر خۆشەویستم بۆ یانەکەم و ھاورێکانم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-بەنیازم وەکو یاریزانێک لە داھاتوودا ببمە یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق و وەرگرتنەوەم لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زیاتر لەوێ خزمەتی وەرزشی کچان بکەن بەتایبەتی یاری بالە.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-نەخێر لەگەڵ ئەودا نیم پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن ، بەڵام دەتوانن ڕاھێنەر بێنن بۆ کردنەوەی خوڵ.
*چۆن بوو یانەی ئەفرۆدێتت ھەڵبژاردووە؟
-لەبەر خۆشەویستیم بۆ راھێنەر و یاریزانەکان ئەم یانەیەم ھەڵبژاردووە چونکە تایبەتەیشە بە ئافرەتان و ھاوسەرەکەشم ڕاھێنەرە لەم یانەیە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواکارم لەلایەنی پەیوەندیدار زیاتر گرنگی بدەن بە یانەکان و بوودجەی مانگانەیان بۆ ببڕنەوە ، وە زیاتر خوڵ و پاڵەوانیەتی بکرێتەوە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونی وەرزشیم ئەوەیە ببمە یاریزانی ھەڵبژاردەی کوردستان و لە پاڵەوانییتەکی جیھانی بەشداری بکەم.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-نەک ھیوای من بەڵکو ھیوای ھەموو کچێکی کوردستان یاری بۆ ھەڵبژاردەی کوردستان بکات، پەنا بەخوا ئەویش دێتە دی.
*لە ھەڵبژاردەی بالەی عێراقی داواکراوی؟
-تاکوئێستا ھەڵبژاردەی عێراق بۆ یاری بالەی کچان جیا نەکراوەتەوە ئەگەر جیاش بکرێتەوە ھەوڵی خۆم دەدەم لەم ھەڵبژاردەیە یاری بکەم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بەیاریزانی ئەرجەنتینی لونێل میسی سەرسامم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەرکردنەوە ئێمەی وەرزشکار، داواکارم لە یەکێتی تۆپی بالەی کوردستان چیتر ئەوا دانەنیشن خول و پاڵەوانیەتی بکەنەوە بۆیانەکان.
