بە وێنە ... نەشتەرگەرى بۆ ئیدین هازارد ئەنجامدرا و بۆ ماوەى سێ مانگیش لە یاریگاکان دادەبرێت
یانەى چێڵسى ئینگلیزى لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، نەشتەرگەرییەکى سەرکەوتوو لە پاژنەى پێى راستى ئیدین هازاردى یاریزانى بەلجیکى یانەکەى ئەنجامدراوە و بەفەرمى ناوبراو بۆ ماوەى سێ مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە.
هازاردى ٢٦ ساڵ، لەکاتى مەشق و راهێنانەکانى هەڵبژاردەى وڵاتەکەى بۆ ئامادەکارى بۆ یارییەکانى بەرامبەر چیک و ئیستۆنیا توشى ئەم پێکانە هاتووە و بەمەش لە یارییەکانى سەرەتاى وەرزى داهاتووى خولى نایابى ئینگلتەرا بیبەش دەبێت، کە بڕیارە لە ١٢ى مانگى ئابدا خولەکە دەستپێبکاتەوە.
دواى نەشتەرگەریەکە هازارد لە تویتەر ئاماژەى بە باشى تەندروستى کردووە و دەڵێت: هەمو شتێک باشەو لە ئێستاوە رێگەى چارەسەرکردن دەستپێ دەکات و بەهێزتر دەبم، سوپاسى پاڵپشتیەکانتان دەکەم.

محمد سلێمان
