بە وێنە ... زیدان و ریاڵ مەدرید بوونە پادشای یانەكانی ئەوروپا

بە وێنە ... زیدان و ریاڵ مەدرید بوونە پادشای یانەكانی ئەوروپا
یانەی ریاڵ مەدرید سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆس تۆمارکردو نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەستهێنا.

لەیاریی کۆتایی چامپیۆنس لیگداو لەسەر یاریگای میلینیۆم لەکاردیفی پایتەختی وێڵز هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و یۆڤانتۆس رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی باشترین یاریزانی جیهان لەخولەکی 20دا ریاڵ مەدریدی بەگۆڵی یەکەم پێشخست، دواتر یۆڤانتۆس کە لەگێمی یەکەمی یارییەکەدا باشتر یاریدەکرد لەخولەکی 27دا لەرێگەی ماندزۆکیچەوە بەگۆڵێکی جوان ئەنجامەکەیان یەکسان کردەوەو گێمی یەکەم بەگۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی هات.

لەگێمی دووەمی یاریەکەدا یاریزانانی ریاڵ مەدرید باڵادەستی خۆیان بەسەر یاریەکەدا سەپاندو لەخولەکی 61 بەلێدانێکی بەهێزی کاسیمیرۆ گۆڵی دووەم و پێشکەوتنیان تۆمارکرد.

باڵادەستی یاریزانانی ریاڵ مەدرید بەردەوامی هەبوو لەخولەکی 74دا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی ریاڵ مەدریدی تۆمارکرد.

بەو گۆڵە کریستیانۆ رۆناڵدۆی گۆڵکاری مێژوویی چامپیۆنس لیگ ژمارەی گۆڵەکانی لەوەرزی ئەمساڵی پاڵەوانێتیەکەدا بۆ 12 گۆڵ بەرزکردەوەو نازناوی گۆڵکاری پاڵەوانێتیەکەی لە لیۆنێل مێسی وەرگرت کە خاوەنی 11 گۆڵە.

لەخولەکی 84دا داوەر کوادرادۆی کۆڵۆمبی و یاریزانی یانەی یۆڤانتۆسی بەکارتی سور لەیاریەکە بێبەش کرد.

لەخولەکی 90دا ئەسۆنسیۆی یەدەگ دوای چەند خولەکێک لەبەشداریکردنی گۆڵی چوارەمی ریاڵ مەدریدی تۆمارکردو دواین بزماری لە تابوتی خانمە پیرەکەداو پادشاکانی مەدریدیش یاریەکەیان بەئەنجامی (4-1) گۆڵ لەبەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێهێناو نازناوی بەهێزترین و خۆشترین پاڵەوانێتی یانەکانیان لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان دەستەبەرکرد.

ریاڵ مەدرید بووە یەکەمین یانە لە چامپیۆنس لیگی نوێدا کەلەدوای ساڵی 1992وەوە ئەژمار دەکرێ بتوانێت پارێزگاری لەنازناوەکەی بکات و دوو جاری یەکلەدوای یەک ببێتە پاڵەوان، هاوکات ژمارە پێوانەییەکەشی بە 12 نازناوی چامپیۆنس لیگ بەهێزترکرد.











محمد سلێمان
Top