ئیمباپێ بۆ رۆیشتن لە مۆناكۆ ئامادەیە

ئیمباپێ بۆ رۆیشتن لە مۆناكۆ ئامادەیە
کیلیان ئیمباپێ، هێرشبەری گەنجی یانەی مۆناکۆی فەرەنسی دەرگای رۆیشتنی لە یانەکە لە گواستنەوەی هاوینەدا کردەوە.

ئیمباپێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە رۆژی سێشەممە ئەنجامیدا گوتی، قسەم لەگەڵ دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە، لەبارەی پلانی داهاتووم، بەڵام کاریگەریی لەسەر بڕیاری کۆتایی نابێت.

هێرشبەرە گەنجە فەرەنسییەکە گوتیشی، ساڵی رابردوو ئەو پاڵپشتێکی زۆر باش بوو بۆ پەیوەندیکردنم بە هەڵبژاردەی فەرەنسا، خەونی من ئەوەیە بەشداری جامی جیهانی بکەم و لە پاڵەوانێتی گەورەدا خۆم ببینمەوە کە ئەوە خەونی منداڵیمە.

لەبارەی وەڵامی پرسیارێک دەربارەی ئەوەی ئەو ئامادەیە پەیوەندی بە یانەیەکی دیکە بکات و دەرفەتی بەشداریکردنی لە یارییەکاندا کەمبێتەوە، وەک کینگسلی کۆمان لە بایرن میونشن و ئانتونی مارشیال لە مانچێستەر یونایتد ئیمباپێ گوتی، بۆچی کەمتر یاریبکەم؟

ئیمباپێ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا خەونی خۆی ئاشکراکرد و گوتی، خەونی بە زیدانەوە دەبینم وەک یاریزان نەک راهێنەر، ئەو راهێنەرێکی زۆر باشە و خێرا بەرەوپێشچوو، نازناوی بەدەستهێنا، بەڵام وەک یاریزان گەیشتن بە ئاستی ئەو خەونی منە.

هێرشبەرە 18 ساڵەکە لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، ناچێتە ژێر پاڵەپەستووی مێدیا، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکەشیکرد و گوتی لە تۆپی پێدا ئەوە شتێکی ئاساییە.

محمد سلێمان
Top