نەبوونی پاڵەوانیەتی ھۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی ئاستی کاراتێ
نەبوونی پاڵەوانیەتی ھۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی ئاستی کاراتێ
تیپی کاراتێ یانەی پێشمەرگە یەکێک لەم یانانەی کە بەردەوام گرنگی بەسەرجەم یارییە وەرزشییە جۆراوجۆرەکان دەدات لە شاری سلێمانی و تیپی کاراتێ یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە لە ھەردوو ئاستی کچە و کوڕان خاوەن چەندین یاریزانانی بەتوانایە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان کیژان فایەقە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە خاوەنی چەندین مەدالیای زێرو زیو و برۆنزەخاوەنی چەندین بڕوانامەی نێودەوڵەتیە لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٥ی شاری سلێمانیە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری کاراتێ چۆن دەبینی ؟
-سوپاس بۆ خودای گەورە ئاستی یاری کاراتێ لە چاو ساڵانی پێشوو تاڕادەیەک بەرەووپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بێگومان نەبوونی پاڵەوانیەتی ھۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی ئاستی کاراتێ لە کوردستان وعێراقیش ، چونکە نەبوونی پاڵەوانیەتی وا دەکات وردە وردە یاریزان لە یارییەکە دووردەکەوێتەوە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی یارییەکە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری کاراتێ کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی ناوەخۆ بێت یان دەرەکی ھۆکاری سەرەکییە بۆ پێشکەوتنی یاریزان ھەروەھا ھاندانی یاریزان لەلایەن خێزانەکانیانەوە ھیوادارم بەردەوام خول بکرێتەوە.
*گرفتی یارییەکانی کاراتێ لە چی دەبینی؟
-کێشەی سەرەکی ئەم یارییە کەمی کردنەوەی خوڵ و پاڵەوانیەتی و کەمپی مەشقییە کە بۆتە گرفتی سەرەکی بۆ یاریزانان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
- نەخێر تاکو ئێستا بۆم نەھاتووە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-ھیوادارم ببمە یاریزانێکی جیھانی و پێشەنگی یاریزانانی جیھان بگرم.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن لەسەرجەم یارییە جۆراوجۆرەکان؟
-بە پێی بارودۆخ بەلێ ئاساییە ئەگەر یانەکان پشت بە ڕاھێنەری بیانی ببەستن لە پێناو پێشکەوتنی یاریزانەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نیم پشت بە یاریزانی بیانی ببەستن چونکە یاریزانی کورد ھیچیان کەمتر نییە لەگەڵ یاریزانی بیانی.
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشکاری لەکەییەوە لەم یارییەی؟
- سەرەتایی ھاتنم بۆ ئەم یارییە لە ناوەندی گوێژە بوو پاش ھەڵوەشانەوەی ئەو تیپە بەھۆی چەند کێشەیەوە رووم کردە یانەی پێشمەرگە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواکاریم لەلایەن بەرپرسەکان ئەوەیە گرنگی زیاتر بە یارییە تاکەکان بدرێت و پشتگوێ نەخرێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
- تاکە خەونی من ئەوەیە ببم بە یەکێک لە پاڵەوانەکانی جیھان و ئۆلۆمپیاد.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-بەدڵنیاییەوە ھۆکاری سەرەکی بۆ دەرکەوتنی یاریزان یاریکردنیەتی بۆ ھەڵبژاردەکان ئەوە ھیوای من و سەرجەم یاریزانەکانە.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق داواکراوی؟
-بە لێ لە ھەڵبژاردەی عێراق داواکراوم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
-بە کچە یاریزانی تورکی دیلارا بۆزان پاڵەوانی جیھان و ئەوروپا سەرسامم حەز دەکەم بەگەم بە ئاستی ئەو.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-داوام لە دایک و باوکان ئەوەیە رێگر نەبن لە کچەکانیام بۆ ھاتنە نێو بواری وەرزشی، زۆر سوپاس بۆ گۆزاری گوڵانیش بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی کە بە وەرزشکارانی شارەکانی کوردستانی دەگەینێت.
