ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی کاریگەری زۆری دەبێت

ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی کاریگەری زۆری دەبێت
دونیا سەباح یاریزانی تیپی فوتساڵی ئەفرۆدێت
ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی کاریگەری زۆری دەبێت
یانەی وەرزشیی ئەفرۆدێت یەکێک لەم یانانەی کە تایبەتە بە یارییەکانی ئافرەتان لە شاری سلێمانی و تیپی تۆپی فوتساڵی یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە و کچە یاریزانانی بەتوانایە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان دونیائەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی تۆپی فوتساڵی کوردستان و عێراقیش ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٣ی شاری کەرکووکە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی سلێمانی و پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی چەمچەماڵ و ئاشتی و سیروانی نوێ لە ھەردوو یاری فوتساڵ و گۆڕەپان و مەیدان یاری کردووە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی ؟
- ئاستی یاری فوتساڵ لە ئێستایە لە بەرەو پێش چوندایە لە چاو ساڵانی پێشوو.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
- بێگومان ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەرەو پێش نەچوونی یارییەکە و گرنگی کەم دەبیتەوە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی فوتساڵی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-یاری تۆپی فوتساڵی کچان لە ئێستایە زۆر بەرەو پێش چووە گرنگی پێدەدرێت بەڵام ماومانە و دەبێت لە خوێندنگا بنەڕەتیەکانەوە گرنگی بە دەرخستنی کچە بەھرەمەندەکان بدرێت و کردنەوەی فێرگەی تایبەت بەو یاریە لە ئاستی منداڵیەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوودا یاریزانی بەتوانا پێبگەن و گرنگی تایبەت بەو فیرگانە بدرێت لەلایەن حکومەتەوە.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
- گرفتی یارییەکە بە زۆری نەبوونی یاریگای تایبەت بەم یارییە و کەمی کەسانی ئەکادیمی بۆ درووست کردن و پێگەیاندنی کچان و کەمی ئەنجامدانی پاڵەوانێتی.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
- لە ئێستادا یاریزانی یانەی ئافرۆدێتم و بەردەوامم لەو یانەیە و بە نیازی جێھێشتنی یانەکەش نیم.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
- بۆ داھاتووم پشت بەخوا پلانم زۆرە و خزمەت کردنی وەرزشی کچانە بە گشتی و بەتایبەتی بگەمە ئاستێکی نێودەوڵەتی لە بواری ڕاھێنەری.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- نەخێر لەگەڵ ئەوە نیم پشت بە یاریزانی بیانی ببەسترێت، بەڵام دەکرێت ڕاھێنەری بیانی بھێنرێت بۆ ئەوەی بواری ڕاھێنان بەرەو پێش بچێت ڕاھێنەری خۆمالێ سوود وەربگرن لێیان.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواکاری من و زۆربەی یاریزانەکانیشە گرنگی بە وەرزشی کچان بدرێت و بە کردنەوەی پاڵەوانێتی و سپۆنسەری کردنی یانەکانی تایبەت بە کچان ڕێکخستنی گەشتی وڵاتانی دەرەوە بۆ وەرگرتنی ئەزمون لێیانەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتی زیاتری کچان و ئافرەتان بکرێت.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
- خەونی وەرزشیم ئەوەیە بگەمە ئاستێکی بەرز لە یاریکردندا و بەشداری کردن لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەکان.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
- خەونی ھەموو کچێکی وەرزشکاری کوردە کوردستان ببێتە وڵات و ھەڵبژاردەی خۆمان ھەبێت و بگاتە ھەڵبژاردەی خاکەکەی و یاری بۆ بکات.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق داواکراوی؟
- بەڵێ بەڵام بەھۆکاری تایبەتی نەمتوانی بڕۆم.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بە یاریزان ڕۆنالدینھۆ و زێدان و ئینێستا.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-لەکۆتاییدا دەمەوێ سوپاسی باوک و دایکم بکەم بەتایبەتی ئەوان ھۆکاری سەرکەوتنی منن لە ژیانی وەرزشیم و سوپاسی ئێوەش ئەکەم کە یاریزانەکان بەسەر ئەکەنەوە بەم بەسەر کردنەوەیەش خزمەتێک بە وەرزشی کچان دەگەیێنن.ھیوای سەرکەوتنتان بۆ ئەخوازم.

Top