راهێنەری یانەی بازیان كوژرا
دوای تەواوبوونی یاری نێوان هەردوو یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و یانەی بازیان لە خولی یانە تازەپێگەیشتووانی پارێزگای سلێمانی، راهێنەری تازەپێگەیشتووانی یانەی بازیان دیار بەكر بە دوو گوللە لە نێو یاریگا دەكوژرێت، تا ئێستا سیناریۆی رووداوكە ئاشكرا نییە، هەر لایەنێك بە جۆرێك باس لە روودانی رووداوەكە دەكات.
بەپێی شاهید حاڵەكان لە نێو یاریگا دەمەقاڵێ لەنێوان کەسێک لەگەڵ چەند یاریزانێکى بازیان دروست دەبێت، كە پێشتر ئاڵۆزییەک لە نێوان ئەو كەسە و یاریزانانەكان هەبووە.
لە كاتی یارییەكە ناوبژیوان سێ یاریزانى یانەی بازیانی بە کارتى سوور كردە دەرەوەی یاریگا و لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكە دەمەقاڵێ لە نێوان ستافی ناوبژیوانان و چەند یاریزانێکى بازیان دروستبووە دواتر ئەو كەسە لەگەڵ چەند یاریزانێکى بازیان دەبێتە دەمەقاڵێى و پەلامارى چەک دەدات و بەرەوڕووى یاریزانەکانى بازیان دێت، دیار بەکر راهێنەرى بازیان بەرەوڕووى كەسەكە دەڕوات تاوەکو رێگرى لە تەقكردنی بکات، بەڵام ئەو كەسە بە دوو فیشەك كۆتایی بە ژیانی راهێنەر دیار بەكر دەهێنێت.
لە لایەكی دیەكەوە پۆلیسی سلێمانی و یەكێتی تۆپی پێی لقی سلێمانی باس لەوە دەكەن، كە كەسێك لەسەر رێگای خێرا تەقە دەكات بەشێوەیەكی هەرەمەكی و دوو فیشەك بەم راهێنەرە دەكەوێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا سەركەوت ئەحمەد گۆتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمرۆ یەكشەممە گوتی: دوای تەواوبوونی یارییەكە گرژی كەوتۆتە نێوان هاندەران و كەسێكیش بۆ بڵاوەپێكردنی هاندەران تەقەی كردووە و بووە هۆی كوژرانی دیار بەكری راهێنەر، بەڵام ئەو كەسەی تەقەی كردووە لەسەر شەقامی شێست مەتری بەردەم یاریگای چیا تەقەی كردووە.
لە درێژەی قسەكانیدا سەركەوت ئەحمەد گوتی:ئهو كهسهى تۆمهتبار بووه به تهقهكردنهكهی شهوى رابردوو به بڕیارى دادوهرو له ههڵمهتێكى هێزهكانى پۆلیس دهستگیر كراو بهردهوامیشن له گهڕان بهدواى ئهو كهسانهى دیكه لهو رووداوه تۆمهتبارن
لە لای خۆیەوە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی دڵگرانی خۆی بۆ ئەم رووداوە دەربری و داوای لە یەكێتی تۆپی پێی لقی سلێمانی كرد بە زووترین كات ئەم خولە رابگرن و وردكاری رووداوە بۆ لایەنی پەیوەندار ئاشكرا بكەن، چونكە خوێنی وەرزشوانێك لە سەدان خول گرنكترە.
جێگەی باسە دیار بەکر لە دایکبووى 1985ى ناحیەى شۆڕشى سەر بە قەزای چەمچەماڵە، پێشتر لە یانەى شۆڕش یاری کردووە.
لە ماوەى رابردوودا پۆستى راهێنەرى تازەپێگەیشتووانى بازیانى لەئەستۆگرتووە.
رێبین رەمزی
