بەھۆی کوردبوونم زۆر غەدرم لێکراوە لە ھەڵبژاردەی عێراق

بەھۆی کوردبوونم زۆر غەدرم لێکراوە لە ھەڵبژاردەی عێراق
محەممەد جەبار یاریزانی تایکواندۆی یانەی شورتە
بەھۆی کوردبوونم زۆر غەدرم لێکراوە لە ھەڵبژاردەی عێراق
شاری کەرکووک لە مێژووی وەرزشی خۆی خاوەنی چەندین کوڕو کچە یاریزانی بەتوانایە لە یارییە جۆراوجۆرەکانی وەرزشیی کە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشن لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و مێژوویەکیان بۆ شارەکە تۆمارکردووە، یاری تایکواندۆش یەکێکە لەم یارییانە کەوا لەم شارە گرنگی تەواوی پێ دراوە ، یەکێک لەم یاریزانانەش یاریزان محەممەد جەبار یاریزانی تایکواندۆی یانەی شورتە کە پێشووتریش لە شاری کەرکووک یاری کردووە، بەڵام لەم ماوەیە چۆتە ریزی یانەیەک شاری بەغداد بە پێی مۆرکردنی گرێبەستێک ، ناوبراو خاوەنچی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و دەرەوەش، ناوبراو لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٠شاری کەرکووکە و بۆ ھەریەک لە یانەکانی شەھید ماسیس و ئەرمەن و سۆلاڤ و مینا و شورتە یاری کردووە،چەندین جار باشترین یاریزانی عێراق و کوردستان بووە ئێمەش لەنزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو خۆت لە ناو جیھانی تایکواندۆ دۆزییەوە؟
-دوو ھۆکار بوو کە وای لێکردم یاری تایکواندۆ ھەڵبژێرم، یەکەم بۆ بەرگریکردن لە خۆم چونکە تایکواندۆ یەکێکە لە یاری ھونەرە جەنگیەکان ، دووەم بۆ ئەوەی وەک وەرزشکاری بە ناوبانک بم و بناسرێم.
*ئاستی یاری تۆپی تایکواندۆ دەبینی ؟
-ئاستەکەی زۆر خراپە و زۆریش لە دواوەیە.
*ھەست ناکەی ئەم یارییە زۆرگرنگی پێ نادرێت بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتی؟
-بەدڵنیایەوە کەمی پاڵەوانیەتی و خولەکان ھۆکارن بۆ سستبوونی ئەم یارییە ئۆلۆمپیە، بۆیە ئەگەر ئەمانە نەبێت زۆر بە پاش دەکەوێت.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تایکواندۆ بەرەوو پێش بچێت؟
-پێویستمان بە سپۆنسەر ھەیە بۆ پاڵەوانیەتیەکان وەکو ھەموو ولاتانی جیھان پێویستە ھەر ساڵ چەند پاڵەوانیەتیەک ئەنجام بدرێت، ئەگەر خولی کوردستان ھەبێت بۆ یاری تایکواندۆ ئەوە ھەر زۆر ئاستی یاریزان بەرز دەبێت.
*گرفتی یارییەکانی ھونەرە جەنگییەکان لە چی دەبینی؟
-گرفتمان زۆرە نەبوونی مووچەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە پاڵەوانیەتی کوردستان نەکراوە تەنیا ئەوەش کێشە نییە ھەموو بەرپرسانی تایکواندۆی کوردستان کەم تەرخەمن بەرامبەر ئەم یارییە.
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو یاریزانێک؟
-بەرنامەم بۆ ساڵی ٢٠١٧ چوونە بۆ ھەڵبژاردەی عێراق کە خۆم ئامادە دەکەم بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان پەنا بە خوای گەورە بە مەدالیاوە دەگەرێمەوە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
-خەونم بەدەستھێنانی پاڵەوانیەتی نێودەڵەتییە و ئاڵای ووڵاتەکەم بەرزبکەمەوە.
*دەلێن لە زۆر پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە لەسەر گیرفان خۆتان و سپۆنسەر بەشداری دەکەن تاچەند ڕاستە؟
-من بۆ چەند پاڵەوانیەتیەکی نێودەوڵەتی چوویمە لەسەر خەرجی خۆم و کەس نەبووە پاڵپشتیم بکات، ھیچ بەرپرسێکی وەرزشیش ھاوکارم نەبووە زۆر بەداخەوە، ئەگەر سپۆسنەر ھەبێت و یارمەتیدەربێت بۆ من و چەند پاڵەوانێکی تر لە کوردستان ئەوا بێگومان پێویستیمان بە ھیچ کەس نابێت.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و بەشداری لە یەکێک لە پاڵەوانیەتیەکانی دەرەوە بکات؟
-زۆریش بەھیوام کوردستان ببێت بە دەوڵەت و ھەڵبژاردەی خۆی ھەبێت، چونکە بە دڵنیایەوە کە کوردم زۆر غەدرم لێکراوە لە ھەڵبژاردەی عێراق چەند پاڵەوانیەتیەک یەکەم و دووەم بووە تا ئێستا منیان نەبردووە بۆ ھیچ پاڵەوانیەتیەک.
*خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-باوکم ھاوکاری سەرەکیم بووە بەردەوام لە پشتم بووە بۆ سەرکەوتن لە یاری تایکواندۆ.
*ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردووی؟
-بەلێ بۆم ھاتووە بە تایبەتی کە ئێستا چوومەتە یانەی شورتە.
*داواکاری و پێش نیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-پێان ئەلێم ئیتر لەوە زیاتر یاری تایکواندۆ سست مەکەن و پشتگوێ مەخەن، چونکە یاری تایکواندۆ یارییەکی ئۆلمپیە دەتوانێ ئاڵای وولاتێک بەرز بکاتەوە .
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست بۆ خزمەت کردنی وەرزشکارانی شارەکانی کوردستان سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی ھاوکارم بووینە.



Top