هەولێر شایستەی پێشوازیكردنە لە یارییە نێودەوڵەتیەكان
لە لێدوانێكیدا سعود مهندی جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و سەرۆكی لێژنەی پێشبركێیەكانی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا باس لە هۆكاری دەستنیشانكردنی یاریگەی یانەی هەولێر دەكات و گوتی: ئێمە بریارماندا، كە یاری نێوان هەردوو یانەی قوە جویە و زەورا لە جامی یەكێتی ئاسیا، كە رووبەرووی یەكتر دەبنەوە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجام بدرێت، چونكە ئەم یاریگایە توانی بە باشترین شێوە مێوانداری یاری كۆتایی جامی یەكێتی ئاسیا 2012 بكات و سوپاس و پێزانینی ئاراستە كراوە، بۆیە هەموو شتێك لەم یاریگایە ئامادەیە و هەروەها شاری هەولێر لە رووی ئەمنی و هەموو پێداویستی حەوانەوەی تیپەكانی تێدا بەدی دەكرێت، بۆیە لە هەموو روویەكەوە شاری هەولێر ئامادەی پێشوازیكردنی ئەم یارییە.
لە درێژەی قسەكانیدا سعود مهندی گوتی: هەولێكی زۆر هەیە لە لایەن یەكێتی تۆپی پێی عێراق و حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی یارییەكە لە شاری هەولێر بۆ كەربەلا بگوازرێتەوە، بۆیە ئێمە بریارمان دا سبەی سێشەممە بریاری كۆتایی لەسەر ئەم بابەتە دەدەین و تا رادەیەك چانسی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری زیاترە بۆ میوانداریكردنی ئەم یارییە.
جێگەی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەنجامدانی ئەم یارییە لە شاری هەولێر، راستەوخۆ یانەی قوە جویە ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی لە شاری هەولێر یارییەكە ئەنجامبدات و یانەی زەورا رەتیكردووە ئەم یارییە لە شاری هەولێر ئەنجام بدات و یەكێتی تۆپی پێی عێراق و وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراقیش داوایان كرد یارییەكە لە شاری كەربەلا ئەنجام بدرێت.
رێبین رەمزی
