سبەی پاڵەوانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرا دەبێت
لە یاریگەی كەلار هەردوو یانەی شێروانە و نەورۆز رووبەرووی یەكتر دەبنەوە، لەم یارییە یانەی نەورۆز پێویستی بە بردنەوەی هەیە و دەبێت چاوەروانی یەكسانبوونی هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و كەركووك ببێت بۆ ئەوەی نازناوەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
لە لایەكی ترەوە یانەی شێروانە پێویستی بە بردنەوە هەیە تاوەكو بتوانێت پلەی دووەمی خولەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
لە گرنكترین یارییەكانی ئەم هەفتەیە لە یاریگەی خۆی لە پیرمام یانەی پێشمەرگەی هەولێر میوانداری یانەی كەركووك دەكات لەم یارییە هەردوو یانە پێویستیان بە بردنەوە هەیە، تا راستەوخۆ ببنە پاڵەوانی خولەكە.
بۆ ئەم مەبستەش یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئامادەكاری بۆ ئەم یارییە كردووە و هیچ یاریزانێكی لە یاریكردن بێبەش نابێت و سوود لە ئەزموونی هەر سێ یاریزان (میران خەسرەو، كۆسرەت بایز، نیاز محەمەد) دەبینێت، كە لەم یارییە بەشداری دەكەن.
لە بەرانبەردا یانەی كەركووك لە تواناكانی هەردوو یاریزانان ( مالمۆ سەندای، بەرهەم بەهائەدین) بەهۆی وەرگرتنی (3) كارتی زەرد بێبەش دەبێت، بەڵام سوود لە ئەزموونی یاریزانی یانەی تەڵەبە (ستار یاسین) و گۆڵپارێزی یانەی زاخۆ (عومەر عەبدولكەریم) وەردەگرێت.
جێگەی باسە هەردوو یاری كاتژمێر 3ی ئێوارە لە ژێر چاودێری رێزدار مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە كەناڵی ئاسمانی عێراقیە سپۆرات یاری پێشمەرگەی هەولێر و كەركووك دەگوازرێتەوە.
رێبین رەمز
