كۆسرەت و میران ئەمرۆ یاری بۆ پێشمەرگەی هەولێر دەكەن

كۆسرەت و میران ئەمرۆ یاری بۆ پێشمەرگەی هەولێر دەكەن
بەمەبەستی سوود وەگرتن لە ئەزموونییان، وا بریارە ئەمرۆ پێنجشەممە هەردوو یاریزان میران خەسرەو و كۆسرەت بایز لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەشداری لە یارییە چارەنووسازەكەیان بەرانبەر یانەی نەورۆز بكەن.
دوای ئەوەی دوێنی چوارشەممە یانەی شورتە یارییەكی بەرانبەر یانەی حەدود ئەنجام دا، لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكە هەردوو یاریزانی شورتە و یانەی پێشمەرگەی هەولێر میران خەسرەو و كۆسرەت بایز بەرەو شاری سلێمانی بەرێكەوتن بۆ بەشداری كردن لەگەڵ یانەكەیان لە یاری بەرانبەر یانەی نەورۆز.
جێگەی باسە كۆسرەت بایز لە چوار گۆشەی زێرین تا ئێستا هیچ یارییەكی لەگەڵ پێشمەرگە ئەنجام نەداوە بە پێچەوانەی میران، كە لە سێ یاری یانەكەی بەشداری كردووە، كاتێك لە بەرانبەر هەردوو یانەی نەورۆز و كەركووك و شێروانە یاری كردووە.
وا بریارە ئەمرۆ پێنچشەممە هەردوو یانەی نەورۆز و پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگەی مەلعەبەكە كاتژمێر 3:30 خولەك رووبەرووی یەكتر ببنەوە لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی پێنجەمی چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆپی پێی.
جێگەی باسە لە ئەگەری بردنەوەی پێشمەرگەی هەولێر و یەكسانبوونی هەردوو یانەی كەركووك و شێروانە، ئەوە پێشمەرگەی هەولێر راستەوخۆ دەبێتە پاڵەوانی خولەكە بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا.
رێبین رەمزی
Top