تۆپی دەست زۆر خراپە لە کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بۆ دواوە دەچێت
تۆپی دەست زۆر خراپە لە کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بۆ دواوە دەچێت
یانەی وەرزشیی ئەفرۆدێت یەکێک لەم یانانەی کە تایبەتە بە یارییەکانی ئافرەتان لە شاری سلێمانی و تیپی تۆپی دەستی یانەکەش یەکێک لە تیپە ھەرە بەھێزەکانی سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراقە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستە و کچە یاریزانانی بەتوانایە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکەش کچە یاریزان رۆزا سەعیدە ئەو بە ئاستە بەرزەکەی ھەموولایەکی سەرسام کردووە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ھەردوو خولی نایابی تۆپی دەستی کوردستان و عێراقیش لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق و یانەی ئەفرۆدێت ، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٢ی شاری سلێمانیە و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی سلێمانی ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی ؟
-ئاستی یاری تۆپی دەست زۆر خراپە لە کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ بۆ دواوە دەچێت ئەم یارییە، ئەمەش وای کردووە کە ھیچ گەشە کردنێک بەم یارییە نەدرێت.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-تاڕادەیەکی زۆر کاریگەری ھەیە بۆ بەرەووپێشچوونی یاریزان و دوورکەوتنەوەی یاریزان چونکە نەکردنەوەی خوڵ و پاڵەوانیەتی ھیچ کات نابێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی یاریزانان لەم یارییە بمێنەوە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی دەستی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
-کردنەوەی قوتابخانەیەکی تایبەت بەم یارییە دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ئاستی یاری تۆپی دەست لە کوردستان زیاتر بەرەووپێش بچێت، ئاستی کچە یاریزانانیشمان ھەنگاو بۆ ئاستی بەرزتر بھاوێت.
*گرفتی یارییەکانی تۆپی دەستی لە چی دەبینی؟
-یاریزانانی کچ چەندین گرفتیان ھەیە گرنگترینیان ئەم قەیرانەی داراییەی کە ھەیە چۆکی بە یاریزانانی تیپەکەمان داوە ئێستا بەھۆی ئەم قەیرانەشەوە لە داڕمانداین
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش نەکراوە؟
-توانای مۆرکردنی گرێبەست و یاری کردنمان بۆ ھیچ یانەیەک نییە .
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە یاریزانێک؟
-ھیچ بیرۆکەیەم نییە لە ژیانی وەرزشیمدا ، بەپێی بارودۆخیش دەگۆرێت.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-ئەگەر خۆمان خاوەنی کەسانێک بین گوناھە دەستبەرداری ئەو یاریزانانەی خۆمان بین پێیوستە زیاتر گرنگی بەتوانای یاریزانانی خۆمان بدەین لەسەر ئاستی کوردستان ، پێویستیمان بە یاریزانی دەرەوە نابێت.
*لە خێزانەکەت تا چەند ھاوکارتن لە وەرزش کردن؟
-لەگەڵی ئەوەی من بەتەنیا وەرزشوانم بەڵام خێزانەکەم پاڵپشتی باشم دەکەن بۆ ئەوەی ئاستی یاری کردنم بەرز بێتەوە .
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-وەکو یاریزانێک ھیواخوازم ئەم بارودۆخەی ئێستا تێ کەوتووین باشتر بێت و خزمەت زیاتر بە وەرزش بکرێ بە گشتی .
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
- بەھیوای ئەوەم بتوانم بگەمە باشترین ئاست لە کوردستان و عێراق و ئەنجامی گەورە بەدەستبھێنین.
*بەھیوای ئەوەنیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانانی ھەڵبژاردەکە؟
-پێشووتر ھەوڵ درا کەوا ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ بەڵام ئەو ھەوڵە کارەکانی تەواو نەبوو دانەمەزرا.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق داواکراوی؟
-بەلێ داواکراوم و یاریزانی ھەڵبژاردەی عێراق بووم و ئەمساڵیش ھەوڵدەدەم جارێکی تر بانگەشت بکرێمەوە.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامیت؟
- بەھەر یاریزانێک سەرسامم شتێکی نوێ پێشکەش بکات لە یاری تۆپی دەست .
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-ھەمیشە سەربەرزم کە وەکو کچە یاریزانێک کە بتوانم باشترین ئاست پێشکەش بکەم ، شانازییش بەوە دەکەم کە خاوەن کۆمەلێک یاریزانی بەتواناین و خاوەن ڕاھێنەری بە ئەزموونین وەکو کاپتن کوردۆ قادر، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش کە بەردەوام کچە یاریزانانی شارەکانی کوردستان دەناسێنێت و خزمەتیان دەکات.
