پێشمەرگەی هەولێر هەوڵی راكێشانی هاندەران دەدات
بۆ ئەم یارییە یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئامادەكاری تەواوی ئەنجامداوە، بەڵام لە تواناكانی یاریزان میران خەسرەو بێبەش دەبێت، كە دووبارە پەیوەندی بە یانەی شورتە كردووە.
لە رووی رێكخستنەوە یانەكە پەیوەندی بە یانەی هەولێر كرد بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر تاوەكو ژمارەیەكی زۆری هاندەران پلكێشی یاریگەی پێشمەرگەی بكەن لە پیرمام بۆ ئەم مەبەستەش یانەی پێشمەرگەی هەولێر چەند ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی بۆ هاندەران لە شاری هەولێر بۆ پیرمام و بە پێچەوانەوە ئامادە كردووە و سبەی كاتژمێر 2ی ئێوارە پاسی گواستنەوەی هاندەران لە یاریگەی هەولێر دەچێتە پیرمام.
لە لایەكی ترەوە یانەی هەولێر هەموو پێداویستیەكانی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری خستە خزمەتی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ سوود وەرگرتن و ئەمرۆ چوارشەممە یانەی پێشمەرگەی هەولێر دواین یەكەی مەشقی خۆی لە یاریگەی دووەمی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجامدا.
وا بریارە یانەی پێشمەرگەی هەولێر سبەی پێنجشەممە یاریگەی خۆی بە ئاڵایەكی گەورە و چەند ئاڵایەكی بچووكی كوردستان و ئاڵای لۆگۆی یانەكە بەسەر هاندەران دابەش بكات و هەروەها سوود لە ئامێرەكانی دەنگ وەربگرێت بۆ بەرزكردنەوەی ورەی یاریزانان پێش یاری.
جێگەی باسە یانەی شێروانە لە پێشەنگی چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان دێت بە كۆكردنەوەی 5 خاڵ و یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە پلەی دووەم دێت بە كۆكردنەوەی 4 خاڵ.
رێبین رەمزی
