شاندی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا گەیشتنە هەولێر

شاندی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا گەیشتنە هەولێر
درەنگانی ئەمشەو سێشەممە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی نێردراوی شێخ سەلمان بن ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا گەیشتە هەولێر بەمەبەستی بەسەركردنەوە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری و شوێنە گشتیەكان و خۆشكردنی زەمینە بۆ سەردانێكردنی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بۆ شاری هەولێر.
هەریەكە لە (ئەحمەد عەبدوڵڵا نعێمی) جێگری سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپ پێی بەحرێن و سەرۆكی لێژنەی میوانداریكردنی جامی كەەنداو 21، كە لە بەحرێن بەرێوەچوو و ئەحمەد میرزا ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی بەحرێن گەیشتنە شاری هەولێر و وا بریارە رۆژی چوارشەممە سەردانی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بكەن پاشان سەردانی چەند شوێنێكی تری شاری هەولێر لەگەڵ نەخۆشخانە تایبەتمەندییەكان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی راپۆرتیان بۆ یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا.
وا بریارە لەم مانگە شێخ سەلمان بن ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا سەردانی عێراق بكات بەتایبەتی شاری هەولێر بۆ دڵنیابوون لە باشی باروودۆخی ئەمنی بەمەبەستی هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لەسەر عێراق.
وا بریارە لە مانگی پێنج یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی فیفا دوا بریاری خۆی لەسەر هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لەسەر عێراق بدات، كە چاوەروان دەكرێت بریارەكە تەنیا هەڵگرتنی یارییە دۆستانەكانە بۆ ماوەی كاتی تا چاودێری چۆنیەتی رێكخستن و پاراستنی تیپەكان بكەن پاشان بریار لەسەر قۆناغی دووەم دەدرێت، كە هەڵگرتنی ئابلوقەی وەرزشی لەسەر هەموو جۆرە پاڵەوانێتیەكان بۆ یانەكان و هەڵبژاردەكانی عێراق.
جێگەی باسە لە ئەگەری سەردانی كردنی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بۆ شاری هەولێر دەبێتە دووەم سەردانی سەرۆكێكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بۆ كوردستان دوای ئەوەی سەرۆكی پێشووی یەكێتیەكە محەمەد بن هەمام سەردانی شاری هەولێری كردبوو.
رێبین رەمزی
Top