نازم شاكر بووە راهێنەری یانەی شورتە
بەفەرمی نازم شاكر وەكو راهێنەری یانەی شورتە دەستنیشانكرا و رۆژی پێنچشەممە یەكەم یەكەی مەشقی خۆی ئەنجامدا، لەگەڵ نازم شاكر هەریەكە لە (ئەحمەد سەڵاح) وەكو یاریدەدەری راهێنەر و (فارووق عەبدجاسم) وەكو راهێنەری لێهاتووی جەستەیی و ( غانم ئیبراهیم) وەكو راهێنەری گۆڵپارێز دەستنیشانكران.
لە یەكەم لێدوانیدا بۆ دەزگا راگەیاندنە كوردییەكان نازم شاكر تایبەت بە ماڵپەری گوڵان سپۆرت سەبارەت بە كێشەی یاریزان میران خەسرەو لەگەڵ یانەكە گوتی: هەر لەگەڵ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی شورتە یەكەم كاری من ئەوە بوو كێشەی یاریزان میران خەسرەو چارەسەر بكەم و لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكە گفتوگۆم كرد، بەڵام دەركەوت، كە كێشەی میران هونەری نییە، بەڵكو كێشەی كارگێریە واتە دەبێت میران كێشەی لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكە چارەسەر بكات.
لە درێژەی قسەكانیدا نازم شاكر گوتی: من پێویستم بە ئەزموونی میران هەیە لەم قۆناغە و هەروەها لەگەڵ پڵانەكانم گونجاوە، بەڵام سەرەتا دەبێت میران كێشەی خۆی لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكە چارەسەر بكات، چونكە بابەتەكە گەیشتووتە یەكێتی تۆپی پێی عێراق و دادگای عێراقی ئەوەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی منە.
جێگەی باسە هەریەكە لە یاریزانانی یانەی هەولێر سەرهەنگ موحسین و كۆسرەت بایز و میران خەسرەو لەم وەرزە پەیوەندیان بە یانەی شورتە كرد، بەڵام بەهۆی بوونی كێشە لەگەڵ راهێنەرە میسرییەكە یاریزان میران خەسرەو یانەكەی جێهێشت و ئێستا لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر یاری دەكات لە لێدوانێكیدا میران خەسرەو ئامادەیی خۆی دەربری بۆ گەرانەوە بۆ یانەی شورتە دوای رۆیشتنی راهێنەرە میسرییەكە و هەروەها تەئكیدی لەوە كردووە، كە نازم شاكر پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ یاریزانی كورد هەیە و شارەزای ئەزموونی زۆربەی یاریزانەكانە.
رێبین رەمزی
