ھەوڵ دەدەم لە داھاتوودا ببمە ڕاھێنەر
ھەوڵ دەدەم لە داھاتوودا ببمە ڕاھێنەر
یانەی گازی باکووری شاری کەرکووک بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدابووە کەوا باشترین کچانی شارەکەی کۆبکاتەوە و تیپێکی بەھێز درووست بکات، چونکە مێژووی شاری کەرکووک پڕە لە یاریزانی بەتوانا لە ئاست یاری تۆپی پێی بۆیە ئەمساڵیش تیپەکە کێبرکێ لەگەڵ سەرجەم تیپەکانی تر دەکات لەسەر بەدەستھێنانی نازناوی خولەکە یەکێک لە یاریزانانی تیپەکەش پەیمان جومعەیە یاریزانی تۆپی پێی یانەی گازی باکوور و پێشوتریش لەیانەی ئافرەتانی کەرکووک یاری کردووەناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٨ی شاری کەرکووک و قوتابی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە قۆناخی یەکەم ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو لە نێوان ئەو ھەموو وەرزە خۆت لە نێو دونیای وەرزشی تۆپی پێی دۆزییەوە؟
-وەک حەزێکی منداڵیم بووە ھەر لە تەمەنی منداَلیمدا حەز و ئارەزوویەکی زۆرم بۆ وەرزش ھەبووە و بەھرەی وەرزشیم لە خۆمدا دۆزیوەتەوە ھەتسیشم دەکرد لەم یارییە زیاتر سەرکەوتووترم.
*ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-لە ئێستادا لە سەر ئاستی کوردستان لە نێو کچاندا تاڕادەیەکی باش بەڕەوو پێش چووە لە چاو ساڵانی پێشووتر ئەوەش ئەگەر وا بەردەوام بێت ئاستی یارییەکە زیاتر بەرەوو پێش دەچێت.
*ھەست ناکەی ئاستی ئەم یارییە وەکو پێویستە لە نێو کچان بۆیە ڕووی تێ دەکەن ؟
- ئێستا زیاتر گرنگی دەدەن بە یاری تۆپی پێی و کردنەوەی چەند خولێکی جۆراوجۆر لەسەر ئاستی کوردستان و عێراقیش ئەوەش وای کردووە کچان زیاتر ڕوو لەم یارییە بکەن لە شارەکانی کوردستان.
*بە بۆچوونی تۆ چی بکرێت باشە بۆ باشتر بوونی ڕەوشی ئەم یارییە لە کوردستان؟
-لە ڕاستی پێویستە ئەو کەسانەی کە شوێن پەنجیان دیارە لە بەرز کردنەوەی وەرزشی کچاندا ھەیە پێویستە زیاتر گرنگییان پێ بدرێت و زیاتر پاڵەوانیەتی بۆ یاری کچانی کورد بکرێتەوە و زیاتر ھان بدرێن.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی وەکو یاریزانێک؟
- گرفتی زۆرمان ھەیە و پێیوستە چارەسەر بکرێت یەک لەم گرفتانەش نەبوونی مووچەی باش یاخود ڕازی بوونی خێزانەکان بۆ پشتگیری ئاست و بەھرەی کچەکانیان.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-ھەوڵ دەدەم لە داھاتوودا ببمە ڕاھێنەرێک وەک ئەوەی خۆشتان دەبینین ڕاھێنەری ئافرەت زۆر کەمە لەناو ئێمەدا بۆ زیاتر پشتگیری کچە یاریزانەکانمان و زیاتر بەرەوو پێشوونی وەرزش لە ناو ئافرەتدا.
*خەونی وەرزشیت چیە لە ژیانی یاریزانیتدا؟
-من وەکو یاریزانێکی تۆپی پێی زۆر یارییەکەی خۆمم خۆشدەوێت و ئەمەوێت زیاتر ئاستی خۆم بەرز بکەوە زیاتر خزمەتی یانەکەم بکەم لە داھاتوودا.
*بە ھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان دابمەزرێ و تۆش یەکێک بیت لە یاریزانەکانی ئەم تیپە؟
- بێگومان نەک من زۆرێک لە یاریزانەکانی تریش ئەم ھیوایە ئەخوازن و شازییە بۆمن کە ئەو شەرەفەم پێ بدرێت.
*خانەوادەکەت تاچەند ھاوکارتن لە وەرزش کردن؟
-زۆر سوپاس بۆ خانەوادەکەم و ئەو کەسانەی پاڵپشتم بووینە لە وەرزش کردن منیان پێگەیاندووە و بەتایبەتی باوکی خۆشەویستم بەردەوام ھاوکاری کردوومە.
*ھیچ یانەیەک داوای گرێبەستی لێ نەکردوویت؟
-نەخێر چونکە من لەگەڵ گازی باکوور گرێبەستم کردووە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- لێرەوە دەمەوێت زۆر سوپاسی ئێوە بکەم لە گۆڤاری گوڵان کە ھەوڵ بۆ باشتر بوونی وەرزشی کچان دەدەن و یارمەتیان دەدەن، ھیوادارم وەرزشی کچان زیاتر گرنگی پێ بدرێت و زیاتر پێش بکەوێت.
