پێنج یاریزانی یانەی هەندرێن سزادران

پێنج یاریزانی یانەی هەندرێن سزادران
دوای ئەوەی لە یاری نێوان هەردوو یانەی هەندرێن و ئارارات لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵەوانێتی فاست لینك بۆ یانەكانی پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان، چەند كارێكی نەخوازراو لە لایەن یاریزانانی یانەی هەندرێن بەرانبەر بە سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیەكە و ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و عێراق لقی هەولێر سیروان سەلمان ئەنجامدرا، كە هێرشیان كردە سەر ناوبراو و زامدار كرا.
ئەمرۆ سێشەممە یەكێتی تۆپی پێی لقی هەولێر بەسەرۆكایەتی تاریق عەبدولرەحمان و بە ئامادەبوونی گشت ئەندامانی یەكێتیەكە كۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا و پشت بەستن بە راپۆرتی دەستەی ناوبژیوانان و سەرپەرشتیاری یارییەكە و ئەنجامدانی لێكۆلینەوەی ورد، بەمشێوەیە بریاری دا:
1- سزادانی هەر پێنج یاریزانی تازەپێگەیشتووانی یانەی هەندرێن (عەبدوڵڵا ئەمیر، شوان جەبار، مەحمود عەبدوڵڵا، لارسن جەبران، ئەیوب سادق) بە راگرتنیان بۆ ماوەی چوار وەرز، ناتوانن لەم ماوەیە بەشداری هیچ چاڵاكییەكی تۆپی پێی بكەن تا تەواوبوونی وادەی سزایەكە.
چاوەروانی دەكرێت، یەكێتی تۆپی پێی لقی هەولێر بەنووسراوێكی فەرمی داوا لە هەردوو یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و یەكێتی تۆپی پێی عێراق بكات بەمەبەستی پەسندكردنی بریارەكان.
جێگەی باسە بەهۆی رووداوەكە یارییەكە تەواو نەكرا و یانەی ئارارات بە ئەنجامی (3-0) گۆڵ بەبراوە هەژمار كرا و ئەمرۆ یانەی ئارارات لە چوار گۆشەی زێرین توانی خۆی بگەینتە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكە دوای بردنەوەی لە یانەی مەخمور.
رێبین رەمزی
Top