پێشمەرگەکانی ھەولێر بە شایستەیی گەیشتنە چوار گۆشەی زێرین
پێشمەرگەکانی ھەولێر بە شایستەیی گەیشتنە چوار گۆشەی زێرین
لە خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان یانەی پێشمەرگەی ھەولێر لەسەر یاریگای خۆی و لەبەردەم ھاندەرانی بە ئەنجامێکی گەورە (٣-٠)گۆڵ لە ھەولێری بردەوە و پلێتی چوار گۆشەی زێرینی خولەکەی بەدەستھێنا.
لەمیانی یارییەکانی دوا گەڕی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان لە یارییەکی گرنگ و چارەنووسازدا یانەی پێشمەرگەی ھەولێر لەسەر یاریگای خۆی لە پیرمام و لەبەردەم ھاندەرانی یانەکەی و لە کەشێکی بەھاریدا میوانداری یانەی ھەولێری کرد، لە تایمی یەکەمی یارییەکە لەگەڵ فیکەی ناوبژیوانی یارییەکە کوردستان زاھیر ھەردوو یانە بە وریاییەکی زۆرەوە ھاتنە نێو یاریگا بۆ ئەوەی بتوانن بە تامی سەرکەوتن لە یاریگا بێنە دەرەوە، لە خولەکی ٢ی یارییەکە داناعوسمان ھەر زوو بەختی خۆی بە لێدانێک تاقی کردەوە بەڵام نەیتوانی سوود بە یانەی ھەولێر بگەینێ ،بەڵام یاریزانانی یانەی پێشمەرگە بە پلانەکانی سەمیر بابۆی ڕاھێنەر ھەر زوو وەڵامی ھێرشەکەی ھەولێریاندایەوە لە رێگای یاریزان فەرھەنگ وریا لە خولەکی ٣ و دواتریش یەک خولەک دوای ئەو عەبدوللا سەربەست ھەلێکی ئاسانی لە کیس دا و ھێرشەکانی کوڕانی بابۆ بەردەوام بوو نیازی ئەوەیان ھەبوو ھەرچی نەبێت بتوانن گۆلێک بە خێرایی تۆماربکەن، لە خولەکی ٧ی یارییەکە جارێکی تر گۆران عیماد لێدانێکی ئاراستەی گۆڵی رێباز عەبدوللا کرد بەڵام بێ سوود بوو، لە خولەکی ١١ی یارییەکە جارێکی تر ھەولێرییەکان ھێرشیان بردە سەر گۆڵی کاوە ئەحمەدی گۆڵچی لەلایەن بەلێن وشیار لە خولەکی ١١ی یارییەکە لێدانێکی بەھێزی لە ناو ھێلی سزا ئاڕاستەی گۆڵ کردو کاوە حەسۆی گۆڵچیش بە ئازایانە تۆپەکەی دوورخستەوە ھەر یەک خولەک دوای ئەمە جارێکی تر بەلێن ھەلێکی ئاسانی گۆڵ کردنی لە کیس دا کە تاڕادەیەکی زۆر لە تۆمارکردنی گۆڵ نزیک بوو، لە دوای ئەم زنجیرە ھێرشە یاریزانانی ھەردوو تیپ ھەوڵی کۆنترۆڵ کردنی تۆپیان دەدا لە ناوەڕاستی یاریگا ، یاریزانانی ھەردوو تیپیش بە توندی یارییان دەکرد چونکە یارییەکە گرنگی زۆری ھەبوو بۆ ھەردوو تیپ بۆدیاری کردنی چارەنووسیان لە یارییەکە ، لە خولەکی ١٨ی یارییەکە گۆران عیماد جارێکی تر بەختی خۆی بە لێدانێک تاقی کردەوە بەڵام سوودی نابوو تاکو خولەکی ٢٦ی یارییەکە کاتێک ڕەوا یوسفی یاریزانی لاوی یانەی پێشمەرگە تۆپێکی بە تەنیا بردو بە لێدانێکی بەھێز لە دەرەوەی سزا بەختی خۆی تاقی کردەوە بەر ستوون کەوت و عەبدوللا سەربەستی ھێرشبەری یانەی پێشمەرگەی تۆپەکەی تەواو کردو گۆڵی یەکەمی پێشمەرگەی ھەولێری تۆمارکرد، لە دوای ئەم گۆڵەش یاریزانانی ھەولێر پەلەی گۆڵ یەکسان بوونەوەیان بوو ، لەبەرامبەریشدا یاریزانانی یانەی پێشمەرگە ھەوڵی سارد کردنەوەی یارییەکەیان دەدا چونکە ئەنجامەکە لە سودی ئەوان بوو، تا خولەکی ٣٥ی یارییەکە عامر فازل لێدانێکی ئاراستەی گۆڵ کردو رێباز عەبدوللا کۆنترۆڵی کرد و ئەحمەد سەرتیپ لە یانەی ھەولێر لە خولەکی ٣٧ی یارییەکە وەڵامی ھێرشەکەی دایەوە و کاوەش کۆنترۆڵی تۆپەکەی کرد، ھەولێرییەکان بە ووردی چاودێری تۆپیان دەکرد بۆ ئەوەی بتوانن بەدوای گۆڵی یەکسان بوون دەگەڕان لە خولەکی ٤٤ی یارییەکە فەرھەنگ وریا لێدانێکی بەھێزی ئاڕاستەی گۆڵی ھەولێر کرد بەڵام نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێ و لە خولەکی ٤٦ی زیادکراویش عەمار فازل سوودی لە تۆپێک وەرگرت و گۆڵی دووەمی یانەی پێشمەرگەی ھەولێر تۆمارکرد و ئەم تایمە یارییەکە بە سوودی پێشمەرگەی ھەولێر کۆتایی بە ئەنجامی(٢-٠)گۆڵ.
لە تایمی دووەمی یارییەکە سەمیربابۆ بە ئامانجی پاڕاستنی ئەنجامی یارییەکە و یوسف کاکێش بە ھیوای ڕاست کردنەوەی ئەنجامی یارییەکە یاریزانانیان ناردە نێو یاریگا، یاریزانانی ھەولێر پەلەی تۆمارکردنی گۆڵیان بوو و ھەندێک جاریش بە توندی یارییان دەکرد لە دژی یاریزانانی پێشمەرگە ھاندەرانیشیان داوای ئەنجامیان دەکرد لەسەر پەیژەکان ، لە خولەکی ٤٨ی یارییەکە ھۆگر حوسێن لێدانێکی سەری ئاڕاستەی گۆڵی پێشمەرگە کردو بێسوود بوو،خولەک دوای ئەوە دڵدار خدر تۆپێکی لە نێو ھێلی سزای پێشمەرگە لە دەستداو ھێرشەکانی ھەولێر بەردەوام بوو بۆ سەر گۆڵی پێشمەرگە و لە خولەکەکانی ٥١و٥٤ی یارییەکە گۆڕان ناسح و دانا عوسمان دوو ھەڵیان لە کیسدا لە یارییەکە و تاڕادەیەک پێشمەرگەکان بێدەنگیان ھەڵبژاردبوو لە خولەکی ٥٧ی یارییەکە بارزان حەیدەر بە لێدانێک وەڵامی ھێرشەکانی ھەولێری دایەوە بەڵام بێ ئەنجام بوو، لە خولەکی ٦١ی یارییەکەش بە ھۆی توندی یاری کردنی ھۆگر حوسێن دوای وەرگرتنی کارتی دووەمی لەلایەن کوردستان زاھێر بە کارتی سوورد کرایە دەرەوە ئەمەش ناڕەزایی لێ بووە لەلایەن یاریزانی ناوبراو ئەرکی ھەولێرییەکانی قورستر کرد، بۆیە یاریزانانی پێشمەرگە تاڕادەیەک دەیانویست کەشی یارییەکە ئارام بکەنەوە چونکە یاریزانانی ھەولێر تاڕادەیەک ھەڵچوونیان پێوە دیاربوو ھەرچەندە ڕاھێنەرانی ھەردوو تیپیش چەند گۆڕانکارییەکیان لە ریزی پێکھاتەی تیپەکانیان کرد بۆ ئەوەی ئەنجامی یارییەکە بگۆڕن و پێشمەرگە میران خةسرؤ ھێنایە نێو یاریگا بۆ ئەوەی ھێلی ناوەڕاست زیاتر کۆنترۆڵ بکات و تاڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوو لەخولەکی ٦٩ی یارییەکە دانا عوسمان جارێکی تر بەختی خۆی تاقی کردەوە بەڵام کاوە ئازایانە بەرگری لە گۆڵەی دەکرد، لە خولەکی ٧١ رەوا یوسف لە ھەولێکی تاکی خۆی تاقی کردەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و لە خولەکی ٧٣ی یارییەکە جارێکی تر عەبدوللا سەربەست ھاتەوە نێو ھێلی سزا و گۆڵی دووەمی خۆی و سێ یەمی تیپەکەی تۆمارکرد و کۆتایی بە کەرنەڤاڵی تۆمارکردنی گۆڵ ھێنا بۆ یانەکەی ، ھەولێرییەکانیش ھەر نەدەوەستان و ھێرشیان دەبرد لە خولەکەکانی (٨١-٨٦-٨٩)ھرەیەک لە یاریزانان داناعوسمان و رێڤان ئەحمەد چەند ھەلێکیان لە کیس دا و لە خولەکی ٩٠ی یارییەکەش دانا عوسمان تۆپێکی لە ستونی گۆڵی پێشمەرگە دا، لەبەرامبەریشدا رەوا یوسف و بیلال یوسف تەنیا دوو ھێرشیان بردە سەرگۆڵی ھەولێر لە خولەکەکانی (٨٢-٩٢)ی یارییەکە بە ئەنجامەش یارییەکە بە سوودی یانەی پێشمەرگەی ھەولێر بە ئەنجامی(٣-٠)گۆڵ بە کۆتایی ھات و پێشمەرگەی بەفەرمی وەکو نوێنەرایەتی پارێزگای ھەولێر لە چوار گۆشەی زێرین کێبرکێ یانەکانی تری خولەکە دەکات لە یارییەکەش ناوبژیوانی یارییەکە ٦کارتی زەرد و یەک کارتی سوری بە ڕووی یاریزانانی ھەردوو تیپ دا بەرزکردەوە.
کارزان کانەبی -پیرمام
