ئاستی یاری تۆپی پێی بە شێوەیەکی زۆر باش دەبینم

ئاستی  یاری تۆپی پێی بە شێوەیەکی زۆر باش دەبینم
دێرین مەحمود یاریزانی تیپی تۆپی پێی ھەڵبژاردەی عێراق
ئاستی یاری تۆپی پێی بە شێوەیەکی زۆر باش دەبینم
شاری کەرکووک لە مێژووی شارەکە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانا بووە لە یاری تۆپی پێی ئاستی کوڕان، بەڵام ماوەی چەند سالێکە یانەکانی ئەو شارە بە جۆرێکی تر لە ئاستی کچانیش گرنگی زۆر بە تواناکانی کچە یاریزانان دەدەن بۆ ئەوەی بیان کەنە باشترین یاریزانان لەسەر ئاستی عێراق و ئاسیا جێگای دەستیان دیاربێت، یەکێک لەم کچە یاریزانانەش دێرین مەحمودەی کچە یاریزانی تیپی تۆپی پێی یانەی گازی باکوور و ھەڵبژاردەی کچانی عێراقە ئەو خاوەن ئاستێکی بەرزی یاری کردنە و بە میسی ناوی دەرکردووە و ئێستاش لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراق درێژە بەکاروانی وەرزشیی دەدات، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩ی شاری کەرکووکە و ئێمەش بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیانی وەرزشیی چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری تۆپی پێی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-ئاستی یاری تۆپی پێی بە شێوەیەکی زۆر باش دەبینم و ھیوادارم پەرەی زیاتری پێ بدرێت لەسەرجەم شارەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زیاتر کێبرکێ ھەبێت لە نێوان تیپەکان.
*ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی کەم تا چەند دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوو پێش نەچێت؟
-بێگومان نەکردنەوەی خول و پاڵەوانێەتی کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی یاریزانان ، بەڵام ئەمساڵ لە چاو ساڵانی تر خولەکان باش بەرێوە دەچێت ، بەھیوای ئەوەم باشتر بێت چونکە لە یانەکان یاریزانی زۆر ئاست بەرز ھەیە.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی ئاستی یاری تۆپی پێی بەرز ببێتەوە؟
-کردنەوەی خولی بەردەوام و فەرامۆش نەکردنی یاریزانان و تیپەکان و دابین کردنی لایەنی مادی و پێداویستی وەرزشی چونکە ئەوانە زۆر گرنگن بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر بچێتە قۆناخێکی نوێتر، فێرگەی تایبەت بە ئاستەکانی تەمەنیش ئەوانە ھەمووی ھۆکارن بۆ پێشخستنی ئەم یارییە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-ھەموو تیپێک بەپێی پێیوست گرفتی خۆی ھەیە، نەبوونی یاریگای تایبەت و لایەنی مادی ئەوانە ھەمووی گرفتن بۆ یانەکان و یاریزانان.
*لە ھیچ یانەیەک گرێبەستت پێشکەش کراوە؟
-گرێبەستم لەگەڵ یانەی گازی باکوور پێشکەش کراوە و ، سوپاس بۆ خودای گەورە لە باشترین ئاست دەبینم ، یانەکەشم یەکێک لە یانە ھەرە بەتواناکانی عێراق و کوردستانە پێداویستیەکانمان بۆ دابین کراوە.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکانی کوردستان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-لە یاری تۆپی پێی فوتساڵ نەخێر چونکە من تەنیا لە یاریگای گەورە یاری دەکەم، بەڵام بۆ ١١یاریزانی پێم باشە چونکە بەڕاستی یاریزانی ئێمە توانای یاریزانانی دەرەوەیان نییە لە رووی ھێزی جەستەییەوە .
*لە خێزانەکەت بە تەنیا وەرزشوانی یانیش کەسانی تر ھەیە؟
-لە خێزانەکەم من و برایەکەم وەرزشوانین و پشتگیری خانەوادەکەمان زۆر باشە بۆ ئێمە.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-من ھیچ داواکارییەکم بۆیان نییە، چونکە تا پێیان بلێت ئەوان گوێت پێ نادەن بە تایبەتی وەرزشوانی کچان بۆیە خۆم ھیلاک ناکەم بە قسە کردن لەگەڵیان خۆم ھەوڵبدەم باشترە.
*لە ھەڵبژاردەی عێراق داواکراوی؟
-بەدڵنیایەوە لە ھەر سێ ئاستی تازەپێگەیشتوان و لاوان و یەکەمی ھەڵبژاردەکەش داواکراوم، سوپاس بۆ خوای گەورە لە لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراق ئاستم باشە و یاریزانی سەرەکی تیپەکەشم.
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزان؟
-خەونی وەرزشیم ئەوەیە ببم بە باشترین یاریزانی عێراق و کوردستان، خەوەنی من ئەوەیە سەری دایک و باوکم و خێزانەکەم بەرزبکەمەوە بە وەرزشکردنم و یاری کردنم کە زۆر ئەستەکە کچان بتوانن بەشداری ئەم یارییە بکەن بەتایبەتی یاری تۆپی پێی.
*بەکام یاریزانی جیھانی سەرسامیت؟
-بە ئەنێستای یاریزانی ئیسپانی چونکە ھیچ یاریزانێک ناتوانێ ئەو عەقلە و بیری ئەو بە کار بێنێت ، جگە لەوەش میسیش یاریزانێکی بەتوانایە ، من خۆشم بە میسی ناسراوم.
*ئەگەر شتێکت ماوە ؟
-ئەمەوێ دەست خۆشی لە دایک و باوک و براکانم بکەن کە یاریمەتیدەرم بوونە بۆ ئەویە بتوانم ئاوات و خەونەکانم بەدەست بھێنم سوپاسی مامۆستاکەم دلاران لەگەڵم زۆر ماندووبووە، مامۆستا قاسمی ڕاھێنەری یانەکەم، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش کەوا بەردەوام خزمەتی وەرزشکاران دەکات.

Top