چانسی یانەكان بۆ سەركەوتن یان مانەوە لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بزانە
كۆمەڵەی یەكەم
لەم كۆمەڵەی یانەی نەورۆز یەكەم بلیتی سەركەوتنی بۆ چوار گۆشەی زێرینی مسۆگەر كردووە، بۆیە هەردوو یانەی هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر ركابەری لەسەر بلیتی دووەم دەكەن و چانسی هەردووكیان بەمشێوەیە:
- یانەی پێشمەرگەی هەولێر: لە دواین یاری میوانداری یانەی هەولێر دەكات، یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەم یارییە پێویستی بە بردنەوە یان یەكسانبوون هەیە بۆ سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین.
- یانەی هەولێر: یانەی هەولێر دواین یاری رووبەرووی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە و لەم یارییە تەنیا بردنەوە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی یانەكە لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان و لە چوار گۆشەی زێرین پارێزگاری لە نازناوی خولەكە بكات.
- یانەی گازی باكوور: ئەم یانەیە بەفەرمی نەهیوای سەركەوتنی بۆ چوار گۆشەی زێرینی ماوە و هەروەها بەفەرمی دانابەزێت بۆ خولی پلە یەكەكانی كوردستان و لە ئێستاوە شوێنی خۆی بۆ وەرزی داهاتووی خولی نایابی كوردستان مسۆگەر كردووە.
لەسەر دابەزین بۆ خولی پلە یەكەكانی كوردستان لەم كۆمەڵەیە چوار یانە سێ یانە هەرەشەی دابەزینی لێدەكرێت:
- یانەی برایەتی: یانەی برایەتی لە دواین یاری رووبەرووی یانەی دهۆك دەبێتەوە، لەم یارییە برایەتی پێویستی بە بردنەوە و یەكسانبوون هەیە تاوەكو لە ترسی دابەزین بۆ خولی پلە یەكەكان رزگاری بێت، ئەگەر لە یارییەكەی بەرانبەر دهۆك تووشی دۆران هات، ئەوەی دەبێت چاوەروانی دۆران یان یەكسانبوونی زێرەڤانی بكات بەرانبەر گازی باكوور.
- یانەی دهۆك: یانەی دهۆك لە دواین یاری خۆی میوانداری یانەی برایەتی دەكات، دهۆك پێویستی بە بردنەوە هەیە تاوەكو مانەوەی لە خولەكە مسۆگەر بكات، لە ئەگەری یەكسانبوون دەبێت چاوەروانی دۆران یان یەكسانبوونی زێرەڤانی بكات تاوەكو مانەوەی لە خولەكە مسۆگەر بكات ئەگەر تووشی دۆران هات دەبێت چاوەروانی دۆرانی زێرەڤانی بكات بۆ مسۆگەركردنی مانەوەی لە خولەكە.
- یانەی زێرەڤانی: زێرەڤانی لە دواین یاری خۆی میوانداری یانەی گازی باكوور دەكات و لەم یارییە تەنیا پێویستی بە بردنەوە هەیە بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی لە خولەكە مسۆگەر بكات و ئەگەر یەكسانبوو دەبێت چاوەروانی دۆرانی یانەی دهۆك بكات بەرانبەر برایەتی تاوەكو لە خولەكە دانەبەزێت، ئەگەر لە بەرانبەر گازی باكوور تووشی دۆران هاتن ئەوە راستەوخۆ بۆ خولی پلە یەكی كوردستان دادەبەزێت.
كۆمەڵەی دووەم:
لەم كۆمەڵەیە هەر چوار یانەی شێروانە و زاخۆ و كەركووك و ئارارات ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی دوو بلیتی سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین دەكەن، چانسیان بەمشێوەیە:
- زاخۆ: یانەی زاخۆ لە دواین یاری دەبێتە میوانی یانەی شێروانە، لەم یارییە زاخۆ پێویستی بە بردنەوە و یەكسانبوون هەیە تاوەكو بەفەرمی بۆ چوار گۆشەی زێرین سەربكەوێت، ئەگەر تووشی دۆران هات دەبێت چاوەروانی یەكسانبوونبوونی هەردوو یانەی ئارارات و كەركووك بكات و لە ئەگەری دۆراندنی بەرانبەر شێروانە ئەوە ماڵئاوایی لە خولەكە دەكات.
- شێروانە: یانەی شێروانە لە دواین یاری خۆی میوانداری یانەی زاخۆ دەكات، شێروانە لەم یارییە پێویستی بە بردنەوە هەیە تاوەكو راستەوخۆ سەربكەوێت بۆ چوار گۆشەی زێرین، ئەگەر تووشی یەكسانبوون هات ئەوە دەبێت چاوەروانی یەكسانبوونی هەردوو یانەی ئارارات و كەركووك بكات بۆ سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین و ئەگەر تووشی دۆران هات دوای سەركەوتنی نامینێت.
- كەركووك: یانەی كەركووك لە دواین یاری خۆی میوانداری یانەی ئارارات دەكات، یانەی كەركووك پێویستی بە بردنەوە هەیە تاوەكو سەركەوێت بۆ چوار گۆشەی زێرین، ئەگەر یەكسانبوو دەبێت چاوەروانی بردنەوەی زاخۆ یان شێروانە بكات بۆ سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین، ئەگەر ئەو یەكسانبوو و هەردوو یانەی زاخۆ و شێروانەش یەكسانبوون ئەوە یانەی كەركووك ماڵئاوایی لە خولەكە دەكات و لە ئەگەری دۆراندنی كەركووك بەفەرمی ماڵئاوایی لە خولەكە دەكات.
- ئارارات: یانەی ئارارات لە دواین یاری خۆی تەنیا پێویستی بە بردنەوە هەیە بۆ سەركەوتن بۆ چوار گۆشەی زێرین، ئەگەر یەكسانبوو یاخود تووشی دۆران هات ماڵئاوایی لە خولەكە دەكات.
دابەزین بۆ خولی پلە یەكەكانی كوردستان هەرەشە لە هەردوو یانەی گارە و سیروانی نوێ دەكات، وا بریارە لە دواین هەفتەی خولەكە هەردوو یانە رووبەرووی یەكتر ببنەوە.
لەم یارییە، كە لە یاریگەی سیروانی نوێ ئەنجام دەدرێت، یانەی گارە پێویستی بە بردنەوە هەیە بە جیاوازی شەش گۆڵ تاوەكو مانەوەی لە خولەكە مسۆگەر بكات، لە بەرانبەردا سیروانی نوێ بە بردنەوە یان یەكسانبوون یان دۆران بە جیاوازی كەمتر لە شەش گۆڵ مانەوەی لە خولەكە مسۆگەر دەكات.
- هەندرێن: یانەی هەندرێن بەفەرمی هیوای سەركەوتنی بۆ چوار گۆشەی زێرینی خولەكە لە دەستداوە و هەروەها مانەوەی لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان مسۆگەر كردووە.
جێگەی باسە یارییەكانی دواین هەفتە بەمشێوەیە ئەنجام دەدرێت:
رۆژی پێنجشەممە
سیروانی نوێ - گارە یاریگەی سیروانی نوێ
كەركووك - ئارارات یاریگەی كەركووك
شێروانە - زاخۆ یاریگەی كەلار
رۆژی هەینی
پێشمەرگەی هەولێر - هەولێر یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر
دهۆك - برایەتی یاریگای دهۆك
زێرەڤانی - گازی باكوور یاریگەی زێرەڤانی
یارییەكانیش كاتژمێر 3ی ئێوارە ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی
