كۆسرەت بایز گەرایەوە یانەی شورتە

كۆسرەت بایز گەرایەوە یانەی شورتە
دوای ئەوەی هەردوو یاریزانی یانەی شورتە كۆسرەت بایز و میران خەسرەو یانەكەیان جێهێشت بەهۆی بوونی كێشە و گرفت لەگەڵ راهێنەری میسری یانەكە محەمەد یوسف، بەشێوەیەكی فەرمی دەستەی كارگێری یانەی شورتە لە نووسراوێكدا ئاشكرای كرد، كە كێشەی نێوان كۆسرەت بایز و راهێنەر محەمەد یوسف چارەسەر كرا و ناوبراو دووبارە پەیوەندی بە مەشقەكانی یانەكە دەكات.
لە لێدوانێكی تایبەتدا كۆسرەت بایز گوتی: وا بریارە ئەمرۆ یەكشەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی بەرەو شاری بەیروت پایتەختی لوبنان بەرێبكەوم بەمەبەستی پەیوەندیكردنم بە ئۆردوگای مەشقی یانەی شورتە، كە لە وڵاتی لوبنان ئەنجامی دەدات دوای ئەوەی كێشەكەم لەگەڵ یانەی شورتە چارەسەر كرا.
لە درێژەی قسەكانیدا كۆسرەت بایز گوتی: دەستەی كارگێری یانەكە كێشەی من و راهێنەری یانەكە چارەسەر كرد بۆیە بریاری گەرانەوەم دا، چونكە لە ئەگەری نەگەرانەوەم بۆ یانەی شورتە رەنگە تووشی سزایەكی قورس دەبووم لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق و نەمدەتوانی یاری بۆ هیچ یانەیەك بكەم.
جێگەی باسە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا كۆسرەت بایز و میران خەسرەو لە یانەی هەولێر پەیوەندیان بە یانەی شورتە كرد و لە ناوەراستی خولەكە هەردوو یاریزانەكە تیپەكەیان جێهێشت گەرانەوە شاری هەولێر لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەشداریان لە یارییەكانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان كرد، بەڵام دوای گەرانەوەی كۆسرەت بۆ یانەی شورتە ناتوانێت لەم دوو یارییە چارەنووسازە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەشدار بێت.
رێبین رەمزی
Top