زاخۆ راهێنەرێكی نوێ دەستنیشان دەكات
بەفەرمی یانەی زاخۆ گفتوگۆی لەگەڵ عەلی هادی دەستپێكردووە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە وەربگرێت تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق.
لە لێدوانێكی تایبەتدا عەلی هادی ئەم هەواڵەی پشتراستكردووە و گوتی: بەفەرمی یانەی زاخۆ پەیوەندیان پێوە كردم بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی گرێبەستەكەم واژوو نەكردووە و سبەی پێنجشەممە بەرەو شاری زاخۆ بەرێدەكەوم بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەكە گفتوگۆی كۆتایی ئەنجام بدەم و هەروەها سەیری باروودۆخی یانەكە بكەم لە رووی كوالیتی یاریزانەكان.
لە كۆتایی قسەكانیدا عەلی هادی گوتی: كاتێك سەیری باروودۆخی یانەكە و كوالیتی یاریزانەكان دەكەم ئینجا بریاری كۆتایی خۆم لەسەر قبوولكردنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە دەدەم، چونكە هەموو راهێنەرێك حەز دەكات لە كارەكەی سەركەوتوو بێت و ئامادە نیمە مێژووی خۆم بخەمە مەترسی ئەگەر بزانم لە ئەركەكەم لەگەڵ زاخۆ سەركەوتوو نابم.
بە پێی زانیارییەكان زۆربەی یاریزانەكان یانەی زاخۆیان جێهێشتووە، حاتم زێدان پەیوەندی بە یانەی شورتە دەكات و هەردوو یاریزان جاسم حاجی و دلۆڤان مەهدی دەستبەرداربوونی خۆیان لە یانەكە وەرگرتووە و هەردوو یاریزان دیار یاخی و هونەر ئەحمەد یانەی زاخۆیان جێهێشتووە و بیلال ساڵح پەیوەندی بە یانەی زێرەڤانی كرد و تەنیا یەك یاریزانی پیشەگەر لە یانەكە ماوە.
جێگەی باسە لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا یانەی زاخۆ چوار راهێنەری لە یانەكەی گۆریە، سەرەتا عیسام حەمەد بووە راهێنەر پاشان ئەحمەد والی بەشێوەیەكی كاتی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی وەرگرت دواتر یانەی زاخۆ گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرێكی رۆمانی ماریان میخائیل مۆركرد، بەڵام ئەوەیش بەردەوام نەبوو تا گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەری رۆمانی درۆنێل مۆنتۆیە مۆركرد، بەڵام ئەوەیش یانەكەی جێهێشت.
رێبین رەمزی
