یانەكان لە گواستنەوەی یاریزانان بەردەوامن
پێش ئەنجامدانی یارییەكان یانەكان لە بەهێزكردنی پێكهاتەی تیپەكانیان بەردەوامن.
یانەی ئارارات بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یاریزانی پیشەگەر (موهێمن سەلیم مەلاخ) تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵ مۆركرد.
موهێمن لە هێڵێ هێرشبەر یاری دەكات و لە خولی عێراق لە ریزی یانەی كەربەلا یاری دەكات و لە وەرزی رابردوو لە خولی نایابی كوردستان هەر لە یانەی ئارارات یاری دەكرد.
یانەی زێرەڤانی پێش ئەنجامدانی یارییە چارەنووسازەكەی بەرانبەر یانەی دهۆك بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یاریزان بیلال ساڵح مۆركرد، بیلا لە هێڵی ناوەراست یاری دەكات و لە وەرزی رابردوو هەر لە یانەی زێرەڤانی یاری دەكرد.
یانەی برایەتی بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ یاریزان هەڵگورد مەلا محەمەد تا كۆتایی وەرزی ئەمساڵی خولەكە مۆركرد، هەڵگورد لە هێڵی ناوەراست یاری دەكات.
لە بەرانبەردا یانەی هەندرێن پێش ئەنجامدانی یارییە چارەنووسازەكەی بەرانبەر یانەی ئارارات گوزرێكی كوشندەی پێكەت دوای ئەوەی هەردوو یاریزانی پیشەگەری سوری تیپەكەیان جێهێشت و روویان لە كەنداو كرد.
بەفەرمی یاریزان ئەحمەد قەدور پەیوەندی بە صلیبخیات-ی كوێتی كرد دوای ئەوەی لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا لە یانەی هەولێر لە خولی عێراقی یاری كرد پاشان پەیوەندی بە یانەی هەندرێن كرد لە خولی كوردستان بۆ دوو یاری توانی گۆڵێك تۆمار بكات.
وهەروەها یاریزانی پیشەگەری سوری عەلی غەلیوم چووە یەكێك لە یانەكانی شانشینی عومان دوای ئەوەی تەنیا بۆ یەك یاری لەگەڵ یانەی هەندرێن لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بەشداربوو.
رێبین رەمزی
