پێم باشە شەترەنج بکرێتە بابەتی خوێندن
پێم باشە شەترەنج بکرێتە بابەتی خوێندن
پارێزگای ھەڵەبجە لە مێژووی شارەکە خاوەنی چەندین یاریزان و بەھرەمەندی بەتوانا بووە لە یارییە وەرزشیەکانی جۆراوجۆر، ئێستاش یاری شەترەنج خەریکە لەم شارە گەشەکردنێکی بەچاو بەخۆیەوە دەبینێ و چە ندین کوڕو کچە یاریزانی بەتوانا لەم پارێزگایە درووست دەبن، ساریا بەکر یەکێک لە کچە وەرزشکارە بەتواناکان کە دەیەوێت خزمەتی زیاتر بە شارەکەی بکات لە رێگای وەرزشی شەترەنجەوە و ناوبانگی بۆ خۆی و شارەکەی درووست بکات، ئەو یەکەم کچە ناوبژیوانی نیشتمانیە لە یاری شەترەنج ماوەی سالێکە بە ھەموو ھێز و توانای خۆی دەیەوێت ئەم یارییە ببێتە یەکەم یاری لە شارەکەی ئەو جگە لە ناوبژیوانی کاری سەرپەرشتیار و وەرگێرانی تایبەت لە بواری شەترەنج دەکات ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٨٨ی پارێزگای ھەڵەبجە و خاوەنی بڕوانامەی بە کالوریوس لە زمانی ئینگلیزی ، ئێمە لە نزیکەوە بۆ ئاشنا بوون بە ژیانی وەرزشیی چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری شەترەنج دۆزییەوە؟
-ھەر لە سەرەتایی لاویمەوە کاتێک لە ناو فلیمەکان ئەم یارییە دەبینی زۆرم حەز لێ بوو، بەڵام ھیچ شوێنێک نەبوو یان کەسێک نەبوو وا ئەو حەزەم پڕە پێ بدەم و دواتریش بە رێکەوت توانیم کار بکەم و بۆ ئەویە زیاتر لە یاری شەترەنج ئاشنابم.
* ئاستی یاری شەترەنج چۆن دەبینی لە کوردستان؟
-لە ئێستادا لە کوردستان ھەوڵی باشە ھەیە بۆ پێشخستنی یارییەکە و ناساندنی زیاتری ئارەزوو مەندانی ئەم یارییە بۆ ئەوەی ئاستی باشتریش بێت.
* ھەست ناکەی ئاستی کچان وەکو پێویست نییە بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتی لە شارەکانی کوردستان؟
-بۆ کچان ھەموو یارییەک ئاستەنگی خۆی ھەیە، پێویستە ئاسانکاری زۆر بۆ یاریزانانی کچ بکرێت لە ھەموو ڕوویەکەوە، پێویستە پاڵەوانێتی بۆ سەرجەم شارەکان بێت نەک تەنیا بۆ کچان بۆ کوڕانیش چونکە داھاتی سەربەخۆیان نییە بۆ بەشداری کردنیان ئەمە بۆ کچان سەختترە بۆ سەفەر و مانەوە دوو ر لە خانەوادەکانیان.
* چی بکرێت باشە بۆ باشتربوونی ڕەوشی ئەم یارییە؟
-من پێم باشە شەترەنج بکرێتە بابەتی خوێندن بەو پێیەی کەوانەی وەرزش ھەیە و شەترەنج شوێنی بکرێتەوە لە یەکێک لە بەشە وانەکەدا تا وەک یارییەکانی تر قوتابیان زانیاری لەسەر یارییەکە ھەبێت، پاشان ئاسانکاری بکرێت بۆ پەیوەندی کردن بە یانەکان و بنکەی شەترەنجی لە ناوچەکانیان پاشت بتوانن بەشداری پاڵەوانیەتی بکەن.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی ؟
-زۆر کەس ھێشتا نامۆن بەم یارییە وەکو پێیوست نەناسراوە ئەوەش گرفتە بۆ یارییەکە.
*وەکو سەرپەرشتیارێک ھەوڵت نەداوە تیپێکی کچان لە پارێزگای ھەلەبجە دابمەزرێنی؟
-دامەزراندنی تیپی کچان زۆر گران نییە، بەڵام پێویستی بە پێداویستی ھەیە لەگەڵ شوێنی گونجاو بۆ ڕاھێنان و فێربوون.
* لە ھەڵەبجە ئافرەتان تا چەند روو دەکەنە ئەم یارییە؟
-بەو پێەیی من ئاگادارم زۆر کەس پێ خۆشە فێری ئەم یارییە بێت و بێتە ناو یارییەکە ئەگەر درەفتیان بۆ رێکبخرێت خوازیاری لە کچان و ئافرەتان ھەیە بۆ ھاتنە نێو ئەم یارییە.
* خەونی وەرزشیت چیە ؟
-خەونی وەرزشی من ھەمیشە وەکو کەسێکی دیاری وەرزشیی بناسرێم لە زۆر بوار کارم کردووە ، بەڵام شەترەنج لە ھەمووی خۆشترە، چونکە یارییەکی بێ دەنگە.
* خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-کچ پێویستی یەکەمی بە پاڵپشتی خێزانە منیش ئەوەم ھەیە لە خانەوادەکەم.
*ھەوڵت نەداوە زیاتر ئەم یارییە پێش بخەیت لە ناوچەکەتان؟
-لە ھەوڵداین بۆ پێشخستنی یارییەکە لە ئێستا و لە داھاتووشدا ھیوادارم ئێوەش بە چاوی خۆیتان بیبینن .
* ھیچ یانەیەک داوای کارکردنی لێ نەکردوویت؟
-بەلێ لەگەڵ یانەی خانزاد سەرپەرشتیاری پاڵەوانیەتیم بۆ کردوون لە پارێزگاکەی خۆمان کارێکی باش و سەرکەوتوو بوو.
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چیە؟.
-پێشنیاری من بۆ بەرپرسانی وەرزشی ئەوەیە گرنگی بدەن بە وەرزش بە گشتی لە پارێزگای ھەڵەبجەو شەترەنج بە تایبەت، چونکە کاری فکرە بێدەنگییە ھەڵچوونی دەروونی ناھێلێت پێویستە بکرێتە یارییەکی بەربڵاو و گشتگیر.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
- ھیوا خوازم ھەموو لایەک ھاوکاری وەرزش و وەرزش دۆستان بن بە فکری جسمیەکانەوە پاڵپشتی تەواو و ئاسانکاری بکرێت بۆ بەردەوام بوون لەم بوارانە.
