داواکارم لە یانەکان فێرگەی تایبەت بەم یارییە درووست بکەن
داواکارم لە یانەکان فێرگەی تایبەت بەم یارییە درووست بکەن
شاری سلێمانی لە مێژووی وەرزشی شارەکەوە خاوەنی چەندین یاریزان و ڕاھێنەری بەتوانایە لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان کە بە بووکی یارییەکان ناسراوە ، ئەم شارە بەردەوام لە سەرجەم وەرزەکانی ساڵ مەشقی یاریزانەکانیان بەردەوام بووە بۆ ئەوەی بتوانن ھەر بە پێشەنگی بمێنەوە لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان، یەکێک لەم کەسایەتیە دیارانەی شارەکەش کە جێگای دەستی دیارە لە درووست کردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ئەویش زەردەشت رەفیقە ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٨١ لە سلێمانی لە دایک بووە، ماوەیەکی زۆریشە ڕاھێنەری تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و ھەڵبژاردەی عێراق چەندین ئەنجامی بەرچاوی لەگەڵ تیپەکانی گۆڕەپان و مەیدان بەدەست ھێناوە ناوبراو دەرچوونی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە و ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لە کوردستاندا؟
-ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان بە ڕادەیەکی باش لە کوردستان وەسفی دەکەم، جگە لەوەی کە زۆربەی یانە گەورەکان بایەخ بەم یارییە نادەدەن.
*ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی کە تۆ وەکو ڕاھێنەر بەردەوام لە ھەردوو خول بەشدارن؟
- لەسەر ئاستی عێراق زۆر باشە ، چونکە ساڵانە جگە لە پاڵەوانیەتی و ڕاکردنی ماوە درێژ، ئێستا لە پرۆگرامی ساڵانە تاقیکردنەوەی مانگانەی بەردەوام دەبێت ، ئەمەش سوودی زۆرە بۆ ڕاھێنەرو یاریزانەکان و پێشخستنی ئەم یارییە.
*بۆچی لە شاری سلێمانی یاری گۆڕەپان و مەیدان لە پێشەوەی ھەموو یارییەکانی ترە؟
-سلێمانی واتە بووک یارییەکان ھەر لە کۆنەوە بەم یارییە بە ناو بانگ بووە لەبەر بوونی کادیری باش و خۆشەویست بۆ یارییەکە و بوونی یاریزانانی بەتوانا لە شاری سلێمانی کە ھەمیشە پێشەنگ بووینە.
*ئامانجت چی بوو لە ھەڵبژاردنی کاری ڕاھێنەری؟
-خۆم لە منداڵیەوە حەزم لەم یارییە بووە ، کاتێک بوومە ڕاھێنەر ئامانجم خزمەت کردنی ئەم یارییە.
*دۆزینەوەی کچە یاریزانان بۆ ئێوە تاڕادەیەک قورس نییە؟
- بەلێ زۆر قورسە ئێستا قورستریش بووە بەھۆی نەکردنەوەی پاڵەوانیەتی بۆ قوتابخانەکان.
*کێشەو گرفتان چیە یاری گۆڕەپان و مەیدان ؟
-ھیچ یارییەک بێ کێشە نییە ، بەڵام کێشەی سەرەکی ئێمە نەبوونی یاریگای تایبەتە بەم یارییە لە کاتی وەرزی زستاندا بەھۆی نەبوونی ھۆڵی داخراوی تایبەت بەم یارییە بەردەوام کێشەمان بۆ درووست دەبێت بۆ مەشقەکان.
*چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم یارییە پێش بکەوێت؟
-داواکارم لە یانەکان فێرگەی تایبەت بەم یارییە درووست بکەن کە ببێتە بناغە و پێشکەوتنی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان.
*بۆچی لە کوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەو پاشچووندایە؟
-دەگەرێتەوە بۆ بوونی یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی لقی شارەکانی کوردستان کە یەکێتی گۆڕەپان و مەیدان و ڕاھێنەر و یاریزان خەم خۆری ئەم یارییەیە.
*ھیواو ئاواتت وەکو ڕاھێنەرێک لەم یارییە؟
-ھیواو ئاواتم وەکو ڕاھێنەر بەشداری کردنی یاریزانەکانمە لە ئۆڵۆمپیاد چونکە لە ژیانی راھێنەریمدا ھەندێ لە یاریزانەکانم بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکانی (ئاسیا، خۆرئاوایی ئاسیا، عەرەب، خولی عەرەبی، قوتابخانەکان ، زانکۆکان ،جیھان) یان کردووە تەنیا ئۆلۆمپیاد ماوە ئەمەش خەون و ئاواتمە.
*دەستەی کارگێری یانەکەتان تاچەندە ھاوکارتانن؟
- یارمەتیدانی ئەوانە ئێمە لەم ئاستە بەرزە داین بەتایبەتی سەرۆک یانەو جێگری یانە مامۆستا مەحمود بەردەوام ھاوکارمانن.
*بەرنامەت چییە بۆ داھاتووی خۆت؟
-لەلایەن یەکێتی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستانەوە دەستنیشان کراوین بۆ خوێندن لە زانکۆیەکی ئەڵمانی و c.vخۆمان پێشکەش کردووە چاوەڕێ وەڵامی ئەوان دەکەم کە تایبەت بە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان و لە کاتی دەرچوون بڕوانامەی دبلۆم لەم یارییە وەردەگرین.
*پەیامت بۆ بە رپرسانی وەرزشی ؟
-ھیوادارم زیاتر گرنگی بەم یارییە بدەن و یاریگای تایبەت درووست بکەن لەم یارییە لە کوردستان.
*ھەوڵت نەداوە قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی یاریزانان بکەیتەوە ؟
-بەلێ ماوەیەکی زۆرە فێرگەیەکی باشمان لە یانەی پێشمەرگە کردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانین ژمارەی یاریزانان لەم یارییە زیاتر بکەین و سوودی ھەبێ بۆ دوا رۆژی شارەکەمان.
* ئێمە ھیچمان نەماوە ،ئەگەر شتێکت ماوە؟
-زۆرسوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشکارانی شارەکانی کوردستانە لە یارییە جۆراوجۆرەکان.
