پیشەگەرێكی سووری پەیوەندی بە یانەی هەندرێن كرد

پیشەگەرێكی سووری پەیوەندی بە یانەی هەندرێن كرد
ئەمرۆ پێنجشەممە لە شاری بەغداد پیشەگەری سووری و یاریزانی پێشووی یانەی قوە جویە عەلی غەلیوم تا كۆتایی وەرزی ئەمسالی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان پەیوەندی بە یانەی هەندرێن كرد و وا بریارە رۆژی هەینی بەشداری لە یاری یانەكەی بەرانبەر یانەی زاخۆ بكات.
عەلی غلیوم لە دایكبووی ساڵی 1987 شاری حەمص سوریە و یاری بۆ یانەكانی (وسبە، شورتە)ی سوری و (حكمە، ئەنصار، شەباب ساحلی) لوبنانی و (قوە جویە) عێراقی كردووە، لە هێڵی ناوەراست و باڵەكان یاری دەكات.
لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق پەیوەندی بە یانەی قوە جویە كرد، بەڵام لە خولی عێراق بەشداری لە هیچ یارییەك نەكردووە و لە جامی یەكێتی ئاسیا توانی ببێتە پاڵەوان لەگەڵ یانەی قوە جویە لە یارییەك وەكو یاریزانی سەرەكی بەشداریكردووە و (5) یاری وەكو یاریزانی یەدەگ بەشداری كردووە.
جێگەی باسە ئەمە دووەم پیشەگەرە پەیوەندی بە یانەی هەندرێن دەكات، دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردوو پیشەگەری سووری ئەحمەد قەدور لە یانەی هەولێر پەیوەندی بە هەندرێن كرد و لە یەكەم یاری توانی گۆڵ تۆماربكات و سێ خاڵێ گرنگ بۆ تیپەكەی بەدەستبهێنێت.
وا بریارە سبەی هەینی لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی دەیەمی قۆناغی دووەمی كۆمەڵەی دووەمی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان یانەی زاخۆ میوانداری یانەی هەندرێن بكات، لە یارییەكی گرنگ و چارەنووسازدا بۆ هەردوو یانە.
رێبین رەمزی
Top