شەممە زاخۆ میوانداری یانەی قوە جویە دەكات

شەممە زاخۆ میوانداری یانەی قوە جویە دەكات
لە چوارچێوەی یارییەكی دواخراوی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێ، رۆژی شەممە كاتژمێر 2ی دوای نێوەرۆ لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ هەردوو یانەی زاخۆ و قوە جویە رووبەرووی یەكتر دەبنەوە.
دوای رووداوەكانی چوارگۆشەی زێرینی جامی عێراق لە وەرزی رابردوو لە نێوان هەردوو یانەی قوە جویە و دهۆك، كە پێش یارییەكە لە شاری بەغداد چەند رووداوێكی نەخوازراو روویدا، یانەی قوە جویە بریاریدا هەریەكە لە جاسم محەمەد غولام سەرپەرشتیاری تیپ و عەلی عەبدولجەبار كاپتنی تیپەكە یاوەری شاندی یانەكە نەبن بۆ شاری دهۆك، چونكە ئەم دووە رۆلێكی باڵایان لە رووداوەكەی وەرزی رابردوو هەبوو.
لەم چەند رۆژدا ترس و دلەراوكی رووی لە یاریزانان و دەستەی كارگێری یانەی قوە جویە كردووە و داوایەكی فەرمیان ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق كردووە، كە داوای پاراستنی ئەمنیەتی تیپەكە دەكەن لە یاریگای زاخۆ و هەڵوەها داوای دواخستنی یارییەكەیان كرد، بەڵام داوایەكە قبوول نەكرا.
ئەمرۆ پێنچشەممە شاندی قوە جویە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی گەیشتە هەولێری پایتەخت و سبەی هەینی بەرەو شاری دهۆك بەرێدەكەون بۆ ئەوەی خۆیان بۆ یارییەكەی رۆژی شەممە ئامادە بكەن.
یانەی قوە جویە بە كۆكردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی حەفتەمی خولەكە دێت و یانەی زاخۆ بەكۆكردنەوەی 8 خاڵ لە پلەی 19یەم دێت.
رێبین رەمزی
Top