ئەگەر وەرزش بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بەنیازی ئەوەم بە یەکجاری واز بێنم

ئەگەر وەرزش بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بەنیازی ئەوەم بە یەکجاری واز بێنم
سەلوا عەبدولقەھار یاریزانی تۆپی پێی گازی باکوور
ئەگەر وەرزش بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بەنیازی ئەوەم بە یەکجاری واز بێنم
شارەکانی کوردستان خاوەنی چەندین یانەی تایبەت بە ئافرەتانن لە یارییە جۆراوجۆرەکان ، یانەی گازی باکووریش لە شاری کەرکووک بەردەوام گرنگی بە ئاست و توانای یاریزانان کچ دەدات لەسەر ئاستی شاری کەرکووک و شارەکانی تری کوردستانیش ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانەیش کە پاشە رۆژێکی باش لە چاوەڕوانی ئەودایە، کچە یاریزان سەلوا عەبدولقەھارە ناوبراو لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٨ی شاری ھەولێرە و یاریزانی یانەی گازی باکوور و ھەڵبژاردەی نیشتیمانی عێراقە پێشووتریش بۆ یانەی ئافرەتانی ھەولێر یاری کردووە ، سەلوا خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی کوردستان وعێراق ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ، ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*چۆن بوو ھاتیتە نێو ژیانی وەرزشیی؟
-وەکو ھەموو یاریزانێکی تر ئاشنابوونم بۆ وەرزش دەگەرێتەوە بۆ قۆناخەکانی منداڵی منیش وەکو زۆربەی یاریزانەکان سەرەتای پەیوەندی کردنم لە قوتابخانەکانەوە بوو.
*بۆچی لەناوئەم ھەموو یارییە وەرزشیە جۆراوجۆرە یاری فوتساڵت ھەڵبژارد؟
- ھەستم دەکرد زیاتر لەم یارییە دەتوانم ئاستی شایستە پێشکەش بکەم بۆیە ئەم یارییەم ھەڵبژارد.
* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە کوردستان ؟
-ئاستی یاری فوتساڵ بەھۆی نەبوونی پارە و پەرەپێدانەدانی لەلایەن یانەکان و سەرۆکەکان و لێژنەکان بەتەواوی ئاستی ئەم یارییە لە دابەزیندایە ئەمەش ھۆکارەکەی ئاشکرایە کە بۆچی ئەم دۆخە گەیشت.
* ھەست ناکەی ئەم یارییە پشتگوێ خراوە؟
- بەداخەوە نەبوونی پاڵەوانیەتی بێگومان وای لێ کردووە ، کە ببێتە ھۆکار بۆ پێشنەکەوتنی ئاستی ئەم یارییە و بگرە پشتگوێ خستنیشی.
*کردنەوەی کەمی پاڵەوانیتی ئێوە سارد ناکتەوە لەم یارییە؟
- بێگومان چۆن ئێمەش یاریزانین پێویستمان بە کردنەوەی خولی بەردەوامە بۆ ئەوەی ئاستمان دانەبەزێ ئەگەر ھیچ خولێک نەبێت ئێمەش بێزار دەبین لەم کاتانەدا یارییە وا بڕوات لە ناو دەچێت.
* چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەکانی کوردستان بەرز بکرێتەوە؟
-کردنەوەی پاڵەوانیەتی بەردەوام بۆ یاریزانان بۆ ئەوەی ئاستی یارییەکە بچێتە قۆناخی تازەوە ، ئەمەش لەدەستی لێژنەی فوتساڵ و حکومەتە دەبێ پەرە بەم یارییە بدەن، جگە لەوەش متمانە دان بە یانەکان بۆ ئەوەی یاریزانان بھێنن ، پەیداکردنی سپۆنسەر بۆ یانەکان ئەگەر ئەم کارانە بکرێت بێگومان ئاستی فوتساڵ زۆر بەرز دەبێتەوە.
* گرفتی وەرزشی یاری فوتساڵ لە چی دەبینی ؟
-لە بێ پارەیی و گرنگیدان نەدان بە یارییەکانی وەرزشیی ئافرەتان ئەوانە ھەمووی کێشەن لەبەردەم گەشەنەکردنی ئاستی وەرزشیی کچان لە شارەکانی کوردستان.
* ھیچ یانەیەک گرێبەستی پێشکەش نەکردووی؟
-لەدوای یانەی گازی باکوور من لەگەڵ یانەی ئافرەتانی ھەولێر گرێبەستم ھەیە، بۆ ھیچ یانەیەکی تریش یاریم نە کردووە ، ئێستاش ھیچ گرێبەستێکم بۆ نەھاتووە، چونکە ھیچ یانەیەک پارەی نییە، جگە لەوەش خوڵ نییە چۆن یاریزان بھێنێت.
* بەھیوای لە ژیانی وەرزشیت؟
- ھیوام نییە چونکە ئەگەر ھەر ببینم وەرزشیی تۆپی پێی بەم شێوەیە بێ بایەخ بێت بەنیازی ئەوەم بە یەکجاری واز لە وەرزش کردن بێنم، چونکە ھیچ خولێک نە بێت و مەشقەکانمان نەبێت ئیتر بۆ وەرزش بکەم.
*لە خێزانەکەت بەتەنیا وەرزش دەکەی؟
- نەخێرو خێزانەکەمان ھەموویان وەرزشوان بوون ، بەڵام ئێستا تەنیا خۆم وەرزش دەکەم ، ئەم قەیرانە ڕەنگە ئێمەش بێ بەش بکات لە وەرزش کردن.
*پەیامت چییە بۆ بەرپرسانی وەرزشی؟
-تکاییان لێ دەکەم کە پەرە بەتوانای وەرزشکاران بدەن بە تایبەتی وەرزشی ئافرەتان ھیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان کوڕو کچ بۆ وەرزش دەبێ لەلایان بەرپرسان وەکو یەک گرنگییان پێ بدرێت ، خولیان بۆ بکرێتەوە .
*چۆن بوو پەیوەندیت بە یانەی گازی باکوور کرد ؟
-ئەوان بەفەرمی داوایان لە من کردبوو بۆ یاری کردن منیش بەخۆشحاڵیەوە داواکەی ئەوانم قبوڵ کرد.
*بەچ یاریزانێکی جیھانی سەرسامی؟
-بە ھەریەک لە یاریزانان کریستانۆ رۆنالدۆ و مەسعود ئۆزێل بە یاری کردنی ئەوان سەرسامم.
*باشترین ئەنجامت لەگەڵ یانەکان.؟
-بەدەستھێنانی نازناوی خولی تۆپی پێی یانەکانی عێراقی لە ١١ یاریزانی لەگەڵ یانەی گازی باکوور ، بۆمن ھەمیشە ئەنجام بووە کە شانازی پێوە بکەم.
*لە کۆتایدا دەتەوێت چی بلێ؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست ئێوە ھەمیشە پێشەنگن لە ناساندنی یاریزانان، سوپاس بۆ دایک و باوکم ھەمیشە ھاورێ و ھاوکارم بوونە لە ھەموو شتێکی ژیانم ھیچ کات رێگرییان لێ نەکردوومە لە وەرزش کردن.

Top