کچانی گازی باکوور چاویان لە نازناوی خولی عێراقە
دوای ئەوەی تیپی فوتساڵی کچانی گازی باکووری شاری کەرکووک لە خولی فوتساڵی نایابی یانەکانی عێراقی لە شاری دھۆک لە کۆمەڵەی باکوور توانیان خۆیان بگەینە قۆناخی داھاتووی خولەکە و ئێستاش تیپەکە چاوی لەوەیە بتوانێ ئەنجامی شایستە تر لە چوارگۆشەی زێرینی خولەکە بەدەست بھێنێ کە تاکو ئێستا لێژنەی فوتساڵ لە یەکێتی تۆپی پێی عێراقی بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر وادەی دەستپێکردنی یارییەکانی داھاتووی خولەکە، کچانی گازیش چاویان لە ئەنجامی شایستەیە، لەم بارەشەوە قاسم جەمیل ڕاھێنەری تیپی فوتساڵی یانەی گازی باکوور بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ئێمە توانیمان سەرکەوین لە گروپی خۆمان بۆ چوارگۆشەی زێرین، ھەرچەندە ئێمە بە پلەی سێ یەم سەرکەوتووین بەڵام بۆ قۆناخی داھاتوو بە شێوەیەکی چڕتر خۆمان ئامادە دەکەین، قاسم گوتیشی " ھەرچەندە ئێستا وادەی تاقیکردنەوەکانە و یاریزانەکانمان زۆربەی قوتابین بۆیە ئامادەکاری و مەشقەکانمان ڕاگرتووە جگە لەوەش ١٠ یاریزانمان لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراقە، بەڵام ئێمە بەرنامەی خۆمان ھەیە ھەر کاتێک یەکێتی تۆپی پێی عێراقی وادەی دەستپێکی چوارگۆشەی زێرینی راگەیاند ئێمەش بە بەرنامەیەکی باشتر دێنە مەیدانەوە و چاومان لەوەیە بتوانین نازناوی خولەکەش بەدەست بھێنین، لەبارەی کێشەکانی تیپەکەشی قاسم گوتیشی " ئێمە نامانەوێ کێشەکانی قۆناخی یەکەمان دووچار بێت و کە یارییەکان لەسەر یەک ئەنجام دەدرا جگە لەوەش یاریزانەکانمان ژمارەیەکیان دووچاری پێکان بوون بۆیە ئەوانە گرفت بوون بۆ ئێمە ، ھەموو ھەولێکمان ئەوە دەبێت بە پشتیوانی دەستەی کارگێڕی و یاریزانەکان بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بھێنین.
کارزان کانەبی
