سەمیر بابۆ: پێشمەرگەی هەولێر ناتوانێت بۆ چوار گۆشەی زێرین سەربكەوێت

سەمیر بابۆ: پێشمەرگەی هەولێر ناتوانێت بۆ چوار گۆشەی زێرین سەربكەوێت
ئەمرۆ چوارشەممە لە بارەگای خۆیدا یانەی پێشمەرگەی هەولێر كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بۆ ناساندنی راهێنەری یانەكەی سەمیر بابۆ بە دەزگا راگەیاندنەكان ئەنجامدا، لەم كۆنگرە رۆژنامەنووسیە سەمیر بابۆ چەندین بابەتی گرنگی تاوتیوكرد و گوتی: سەرەتا سوپاسی یانەی زێرەڤانی دەكەم، كە لەم ماوەیەدا هاوكاربوون لەگەڵ ئێمە، بەڵام چەندین هۆكار هەبوون بوونە هۆی خراپی ئەنجامەكان، من بەرپەرسیاری یەكەمی ئەنجامە خراپەكانم، بەڵام زۆر كەس لە دەرەوەی یانەی زێرەڤانی و دەستەی كارگێری یانەكە دژایەتی ئێمەیان دەكرد و هەروەها دەستیان لە كارووباری تیپەكە وردەدا، هەرچەندە هەوڵێكی زۆرم دا، كە رێگری لەم كارە بكەم، بەڵام بابەتەكە زۆر لەوە گەورەتر بوو، كە من پێشبینم دەكرد.
لە درێژی قسەكانیدا سەمیر بابۆ گوتی: دەستەی كارگێری یانەكە دەزانن كەسەكان كێن، كە لە دژی یانەكە كار دەكەن و هەروەها یاریزانەكانیش لە كاتی كۆبوونەوە لەگەڵ دەستەی كارگێری باسی ئەم بابەتیان كردبوو و ناوی چەند كەسێكیان بە كارگێری یانەكە دابوو، بەداخەوە هەندێك وەرزشوانانی شاری دهۆك زۆر دژایەتی یانەكە و دەستەی كارگێری یانەكەیان دەكرد.
سەبارەت بە پێشمەرگەی هەولێر سەمیر بابۆ گوتی: سوپاسی دەستەی كارگێری یانەی پێشمەرگە دەكەین، كە متمانەیان بەئێمە بەخشیوە، بەڵام دەبێت راستگۆ بم لەگەڵ كارگێری یانەكە و هاندەران و دەزگا راگەیاندنەكان، سەركەوتنی پێشمەرگەی هەولێر بۆ چوار گۆشەی زێرین زۆر قورسە، چونكە ئەم تیپەی ئێستا لەگەڵ تیپەی وەرزی رابردوو هەشت یاریزانی سوپەر یانەكەیان جێهێشتووە و هەروەها ئامادەكردنی تیپەكە لە رووی جەستەی و دەروونیەوە ئامادەكارییەكی باشی بۆ نەكراوە بۆیە سەركەوتنی یانەكەم زۆر قورس و زەحمەتە، بەڵام هەوڵی خۆم دەدەم تا بتوانم ئەنجامێكی باش بۆ یانەكەم بە دەستبهێنم.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەمیر بابۆی راهێنەر گوتی: لێرەوە دەستخۆشی لە هەردوو راهێنەر دلشاد مەعروف و فەتحی قەرەنی دەكەم، كە لە ماوەی رابردوودا كاریان لەگەڵ ئەم تیپە كردووە.
جێگەی باسە یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكانی قۆناغی یەكەمی خولی نایابی پێشمەرگەی هەولێر سێ راهێنەر لەگەڵ یانەكە كاریان كردووە، سەرەتا دلشاد مەعروف پاشان فەتحی قەرەنی و ئێستا سەمیر بابۆ.
رێبین رەمزی
Top