باشترین یاریزانی كوردستان دەستنیشانكرا

باشترین یاریزانی كوردستان دەستنیشانكرا
رۆژی دووشەممە قوتابخانەی ئیشق مەراسیمێكی بەمەبەستی دەستنیشانكردنی باشترین یاریزانی كوردستان لە ساڵی 2016 ئەنجامدا بەبەشداریكردنی چەندین كەسایەتی وەرزشی و یاریزانانی تۆپی پێ.
لەم مەراسیمەدا خەڵاتی باشترینەكانی تۆپی پێی لەسەر سێ ئاست بوو، كە خەڵاتی باشترین یاریزانی لاو و خەڵاتی باشترین یاریزانی پیشەگەر و خەڵاتی باشترین یاریزانی كوردستان لە ساڵی 2016.
دەستنیشانكردنی باشترینەكان لە رێگەی دەنگدانی قوتابیانی قوتابخانەكانی ئیشق و دایك و باوكی قوتابیەكان و لە رێگەی تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك و ماڵپەری فەرمی قوتابخانەی ئیشق ئەنجامدرا، كە زیاتر لە هەزار كەس بەشداریان لەم راپرسیە كرد.
باشترینەكان بەمشێوەیە بوو.
1- باشترین یاریزانی لاو
ئەم خەڵاتە پێشكەش بە خانەوادی یاریزانی كۆچكردوو ساڵح محەمەد كرا، كە لەگەڵ یانەی هەولێر لە تیپی دووەم و خولی عێراق ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد.
2- باشترین یاریزانی پیشەگەر
یاریزانی یانەی مینا هەردی سیامند بە باشترین یاریزانی پیشەگەری كورد دەستنیشانكرا، كە لەم وەرزە لەگەڵ یانەی مینا ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات.
3- باشترین یاریزانی كوردستان
گۆڵپارێزی یانەی هەولێر سەرهەنگ موحسین بە باشترین یاریزانی كوردستان دەستنیشانكرا و گۆڵكاری خولی نایابی فاستلینكی كوردستان و یاریزانی یانەی هەولێر فەرحان شكور پلەی دووەمی وەرگرت و یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر عیماد ئەسعەد پلەی سێیەمی وەرگرت.
هەر لەم مەراسیمەدا خەڵاتێكی تایبەت پێشكەش بەسەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی كرا بۆ ئەم رۆلە بەرزی لە پێشخستنی بواری تۆپی پێی لە كوردستان و كردنەوەی خولەكانی كوردستان هەرچەندە قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان هەیە.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: سەبور رەشید
Top