ھیوادارم پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە و یاریزانان پشت گوێ نەخرێت

ھیوادارم پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە و یاریزانان پشت گوێ نەخرێت

ژیلەسەلاح یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی ھەڵبژاردەی عێراق
ھیوادارم پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە و یاریزانان پشت گوێ نەخرێت
تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەکێک لەم تیپانەی کە خاوەن کۆمەلێک یاریزانی بەتوانایە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و زۆربەی یاریزانەکانی لە یارییە جیاوازەکان لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراقن و ململانێ یانە گەورەکانی عێراق دەکەن، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی یانەکە ژیلە سەڵاحە کە کە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی کوردستان وعێراق و وڵاتانی عەرەبی و چەندین ریکۆردی شکاندووە، لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی نێودەوڵەتی کردەوە لەسەر ئاستی جیھان و وڵاتانی عەرەبی خاوەن چەندین مەدالیای جۆراوجۆرە ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٩٥ی شاری سلێمانیە ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیاریکمان لەسەر ژیانی وەرزشی کرد ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*لە نێوان ئەم ھەموو یارییە چۆن بوو بە یاری گۆڕەپان و مەیدان ئاشنا بوویت؟
-بە ویستی خۆم بوو زۆر حەزم لە یاری گۆڕەپان و مەیدان بوو بۆیە ھەر ئەو یارییەشم ھەڵبژارد زۆریش لێ ئاسودە بووم.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لەسەرئاستی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ؟
-یاری گۆڕەپان و مەیدان جاران زۆر بە باشی بەرێوە دەچوو و ئاستی باشی ھەبوو، بەڵام ئێستا وەکو پێیوست نییە ، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کەوا نە پاڵەوانیەتی دەکرێتەوە نە خزمەتێکی باشیش ھەیە بۆ ئەم یارییە ، جاران لە سالێک دوو پاڵەوانیەتی لە کوردستان دەکرایەوە بەڵام ئێستا ھەر ناکرێتەوە بەھۆی قەیرانی دارایی ئاستی بەرەوو خراپی چووە.
*ئەی لە شار سلێمانی لە چ ئاستێکەدا دەیبینی ھەموو کات خاوەن یاریزانانی بەتوانا بووە کێبرکیان لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی گەورە کردوە ؟
-ھەموو کات یاریزانانی کورد بەھێز بوون لە پاڵەوانیەتی کوردستان و عێراق زۆربەیان لە ریزی ھەڵبژاردەی عێراقن ، جیاوازی نیوان شارەکان ناکرێ چونکە ھەموو کوردن و کوردەکانی سلێمانی سلێمانی زیاتر لە ھەڵبژاردەی عێراقن ،گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە کوردین بتوانین خزمەتی وڵاتەکەمان بکەین جا چ کورد بێ یاخود عەرەب یا لە ھەر شارێک بێت و بەھێزی و ئاست بەرزی و ئەو یاریزانانە کە بتوانێ ئاستی خۆی بەرز بکاتەوە لەکاتی پاڵەوانیەتیەکان.
*پێت باشە چی بکرێت ، بۆبەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی بەرز؟
-ھیوادارم پاڵەوانیەتی زیاتر بکرێتەوە و یاریزانان پشت گوێ نەخرێت چ لەسەر ئاستی کوردستان چ لە ئاستی عێراقیش بۆ ئەوەی بتوانن پەڕە بەتواناکانی خۆیان بدەن.
* باشترین ئەنجامە باشەکانت چین وەکو یاریزانێک ؟
-لە یارییەکانی ٤٠٠م مەوانع و ٤٠٠م سەربەست لەگەڵ بەریدی ١٠٠م و ٤٠٠م ژمارەی پێوانەیم شکاندووە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق چەندین ئەنجامی بەرچاومم بەدەست ھێناوە .
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەکو یاریزانێک ؟
-لە ئێستادا دەمەوێ بەردەوام بم لە یاری گۆرەپان و مەیدان لەبەر ئەوەی یەکێکە لە یارییە خۆشەکان و ئەنجامی زیاتر بەدەست بھێنم.
*کێشەو گرفتان چیە لەم یارییە ؟
-ھیچ کێشەیەکمان نییە سوپاس بۆخوای گەورە ئێمە لە تیپی گۆڕەپان و مەیدان ھەموومان بەیەکەوە و بە یەک تیم کار دەکەین ھەموویان کەسانی بەتوانان .
* لە خێزانەکەت ھیچ کەسێکتان وەرزشوانە ؟
-لە باپیرمەوە تاکو ئەوانی ئێستاش زۆربەمان وەرزشوانن بووینە خێزانەکەمان زۆربەی وەرزشیوانن بۆیە منیش حەزم لەم یارییە و بەھیوای ئەوەم بەردەوام بم.
*خانەوادەکەن رێگرێت لێ ناکەن لە وەرزش کردنت ؟
-نەخێر چونکە بە ویستی ئەوان من توانیم بگەمە ئەو ئاستەی ئێستا بەردەوامی من بۆ پاڵپشتی ئەوان دەگەرێتەوە.
* ھیواو ئاواتت وەکو وەرزشکارێک ؟
-ھیوام ئەوەیە دووبارە بەشداری لە پاڵەوانیەتی جیھان بکەم لە ئۆڵۆمپیات بەشداربم و ئاستی وڵاتەکەم بەرز بکەمەوە بە بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە.
*یانەکەتان ھاوکاریتان دەکەن وەکو پێویست ؟
-یانەی وەرزشیی پێشمەرگە تاکە یانەیە لە عێراق و کوردستان زۆر خزمەی یاریزانان وپێداویستی یاریزانان دابین دەکات.
* بەچ یاریزانێک سەرسامی؟
-لە عێراق بە یاریزان دانە حوسێن یاریزانی ڕاکردنە ھاورێ نزیکی خۆمە، لە ئاستی دەرەوەش زۆر بەتواناکانی یاریزانی ئەمریکی Allyson Felix سەرسامم.
*بۆچی یانەی پێشمەرگە ھەڵبژاردوە بۆ ئەوەی وەرزش لەم یانەیە بکەی؟
-بۆیە یانەی پێشمەرگەیی سلێمانیم ھەڵبژارد چونکە تاکە یانەیە کەخزمەتی یاریزانان دەکات و باشترین یانەی عێراقە .
*بە گرێبەست یارییان بۆ دەکەن یاخود تەنیا بە مووچە؟
-تەنیا بەمووچە یاری دەکەم و زۆریش ئاسودەم لە یانەکە ھەتا یانەی پێشمەرگەش ھەبێ بۆ ھیچ یانەیەک یاری ناکەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بەھیوای کاری جوانتر لە داھاتوو کە بەردەوام لە خزمەتی وەرزشکارانی شارەکانی کوردستانن، سوپاسی ڕاھێنەرەکەم و سەرپەرشتیاری تیپەکەمان (زەردەست رەفیق، ئەحمەد بەھادین )دەکەم کە بەردەوام لەگەڵ ئێمە ماندوون و خزمەتمان دەکەن، سوپاسی خانەوادەکەم دەکەم بەتایبەتی باوکم کە بەردەوام بەمنەوە ماندووە.

Top