دەستلەكاركێشانەوەی سەمیر بابۆ قبوولكرا
سەمیر بابۆ بۆ جاری شەشەم دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەی زێرەڤانی كرد، بەڵام یانەكە پێنج جار دەستلەكاركێشانەوەی راهێنەر سەمیر بابۆیان رەتكردووە، ئەمرۆ پێنجشەممە دوای كۆبوونەوەیەكی سێ كاتژمێری بەفەرمی هەردوو لا رێكەوتن لەسەر قبولكردنی دەستلەكاركێشانەوەی دەستەی راهێنەرانی یانەكە، كە پێكهاتووە لە (سەمیر بابۆ (راهێنەر)، كەیفی عەبدولرەحمان، ئەبو بەكر ئەنوەر(یاریدەدەرانی راهێنەر)، كاوە ئیبراهیم (راهێنەری گۆڵپارێز).
یانەی زێرەڤانی لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكانی قۆناغی یەكەم نەیتوانیوە هیچ سەركەوتنێك تۆماربكات و لە پلەی حەفتەمی كۆمەڵەی یەكەمی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان دێت بە كۆكردنەوەی سێ خاڵ.
سەرچاوەیەكی باوەرپێراو دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی یانەی زێرەڤانی و سەمیر بابۆی راهێنەر رایگەیاند: كە یانەی زێرەڤانی بەهەموو شێوەیەك دەستلەكاركێشانەوەی سەمیر بابۆی رەتكردووە، بەڵام راهێنەری ناوبراو لەسەر بریاری خۆی سوور بوو و باسی لە چەند هۆكارێك كرد، كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت لە یانەكە بەردەوام بێت.
بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە دەستەی راهێنەرانی یانەی زێرەڤانی لەگەڵ دەستپێكردنی كۆبوونەوەی دەستەی كارگێری یانەكە و راهێنەر سەمیر بابۆ، ستافی راهێنەران بەفەرمی شاری دهۆكیان جێهێشت روویان لە شاری هەولێر كرد و ماڵئاوایی لە یاریزانان و كارگێری یانەكە كرد وەكو هیمایەك لەسەر بەردەوامنبوونی راهێنەر لەگەڵ یانەی زێرەڤانی.
وا بریارە رۆژی شەممە دەستەی كارگێری یانەی زێرەڤانی دوای رێكەوتن لەگەڵ راهێنەر سەمیر بابۆ بەفەرمی بریاری قبوولكردنی دەستلەكاركێشانەوەی راهێنەری ناوبراو بە دەزگا راگەیاندنەكان و جەماوەر رابگێنن.
رێبین رەمزی
