لە خولی نایابی باسكەی كوردستان شەر لە نێوان دوو یانە دروستبوو
لە رۆژی كۆتایی یارییەكانی كۆمەڵەی دهۆك و لە یاری نێوان هەردوو یانەی دهۆك و قەڵا بەمەبەستی دەستنیشانكردنی تیپی خاوەن بلیتی دووەمی سەركەوتن بۆ چوارگۆشەی زێرین، لە خولەكی سێیەمی نێوەی سێیەم شەر لە نێوان یاریزانانی هەردوو یانە دروستبوو و یارییەكە راگیرا، پاش یەك كاتژمێر لە چاوەروانی ناوبژیوانانی یارییەكە بریاریاندا یارییەكە بەردەوام بێت، بەڵام یانەی قەڵا ئامادەنەبوو بگرێتەوە نێو هۆڵ یارییەكە تەواو نەكرا.
لە لێدوانێكی تایبەتدا یاریزانێكی یانەی قەڵا، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتی: لەم یارییە سێ ناوبژیوانی یارییەكە و دەستەی ناوبژیوانانی مێز و سەرپەرشتیاری یارییەكە خەڵكی دهۆك، ئێمە پێشتر داوامان لە یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان كرد، كە یارییەكە هەستیارە پێویستە دەستەی ناوبژیوانانی یارییەكە بێ لایەن بێت، بەڵام هیچ وڵامێك نەبوو، لە كاتی بەرێوەچوونی یارییەكەش ئاستی ناوبژیوانان وەكو پێویست نەبوو و لایەنگریان بۆ یانەی دهۆك دیاربوو.
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: لە نێوی سێیەم تیپەكەمان گەراوە كەش و هەوای یارییەكە و نزیكبوو لە پێشكەوتن بۆیە یاریزانانی دهۆك بەتوندوتیژی یاریان كرد و تا ئەم شەر دروستبوو، كە هۆكارەكە یاریزانانی یانەی دهۆك بوون، دوای چاوەروانكردن بۆ ماوەی یەك كاتژمێر ناوبژیوانی یارییەكە بریاری دا یارییەكە بەردەوام بێت، بەڵام دوو یاریزانی سەرەكی یانەكەی ئێمەی دوورخستەوە(عدم ئەهلیە) كەچی دوو یاریزانی یەدەگی یانەی دهۆكیان دوورخستەوە (عدم ئەهلیە)، هەرچەندە شەرەكە لە نێوان یاریزانی سەرەكی هەردوو یانە روویدا، بۆیە نارەزایی خۆمان بەرانبەر ئەم بریارە دەربری و ئامادەنەبووین یارییەكە تەواو بكەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: نووسراوەێكی فەرمیمان ئاراستەی یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان كردووە، كە یارییەكە لە یاریگایەكی بێ لایەن دووبارە بكرێتەوە بۆ ئەوەی مافی یانەی قەڵا بەفیرۆ نەروات.
سەبارەت بە بریاری یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا عەبدولعەزیز جەوهەر سكرتێری یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان گوتی: رۆژی هەینی لە شاری هەولێر یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی بریاری خۆی لەسەر ئەم بابەتە بدات، چاوەروانی گەیشتنی راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەكە دەكەین دوای خوێندنەوە و گفتوگۆكردن بریاری كۆتایی خۆمان لەسەر ئەم بابەتە دەدین و درێغی ناكەین.
لە درێژەی قسەكانیدا عەبدولعەزیز گوتی: رۆژی شەممە یارییەكانی چوار گۆشەی زێرینی خولی پلە نایابەكانی كوردستان بۆ تۆپی باسكە لە هۆڵی یانەی ئەكاد لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت و تا ئێستا هەر سێ یانەی (سۆلاڤی نوێ، دەربندیخان، زاخۆ) بەفەرمی سەركەوتن بۆ ئەم قۆناغە و هەینی بریاری كۆتایی خۆمان لەسەر دەستنیشانكردنی تیپی چوارەم دەدین ئایا یانەی دهۆكە یاخود قەڵایە.
لە كۆتایی قسەكانیدا عەبدولعەزیز جەوهەر گوتی: یارییەكانی قۆناغی چوار گۆشەی زێرین بەشێوازی خول بە یەك قۆناغ بەرێوە دەچێت و یانەی خاوەن زۆرترین خال دەبێتە پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی خولەكە.
بە پێی زانیارییەكان سبەی هەینی یەكێتی تۆپی باسكەی كوردستان یانەی دهۆك بەبراوە هەژمار دەكات بەهۆی ئەوەی یانەی قەڵا یارییەكەی تەواو نەكردووە، چونكە كۆبوونەوەی یەكێتیەكە بەشەو لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت و رۆژی شەممە یارییەكانی قۆناغی چوار گۆشەی زێرین دەست پێ دەكات، بۆیە یانەی دهۆك رۆژی هەینی بەرەو شاری هەولێر بەرێدەكەوێت بۆ ئەوەی بەشداری لە یارییەكانی چوار گۆشەی زێرین بكات.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: قەیس وەیس
