ڕاھێنەری ھەندرێن لەبەر درێژەدان بە خوێندن وازی ھێنا
دوای ئەوەی تەھا قادر سەرەتای ئەم وەرزە ئەرکی مەشقی یانەی ھەندرێنی لە ئەستۆ گرت بەڵام دوای تەنیا شەش ھەفتە لە بەرێوەچوونی یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولەکە ڕاھێنەری ناوبراو دەستی لە مەشقی یانەی ھەندرێن کێشایەوە لە مەشقی یانەکە کە لەکۆی ئەنجامدانی شەش یاری توانی ھەشت خاڵ بۆ یانەکە کۆبکاتەوە لە پلەی دووەمی ریزبەندی یانەکان ھات لە کۆمەڵەی دووەمی خولەکە، لەبارەی ئەگەری دەست لەکارکێشانەوەشی لە پۆستی ڕاھێنەرایەتی یانەکە دکتۆر تەھا قادر ڕاھێنەری پێشووی یانەکە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" من ھیچ گرفتێکم نەبووە لەگەڵ ھیچ کەسێک نە لە ئیدارەی یانە نە لەگەڵ یاریزانانی خۆمان بەھۆی درێژەدانیشم بە خوێندنی دکتۆرا نەمتوانی درێژە بەکارەم بدەم ، بۆیە وام پێ باشتربوو کەسێکی تر بێتە شوێنەکەی من درێژە بە کاری ڕاھێنەرایەتی بدات لە یانەی ھەندرێن ، گوتیشی " سوپاسی یەکە بە یەکە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە و سەرۆکی یانە و یاریزانە بەوەفاکان و دەستەی ڕاھێنەران دەکەم کە ئەم ماوەیە بەیەکەوە کارمان کردو توانیمان قۆناخێکی باشیش ببڕین لە خولی کوردستان، بەڵام خوێندنەکەم رێگر بوو لە بەردەوام بوون لە ئەرکی ڕاھێنەرایەتی یانەی ھەندرێن، بەھیوای ئەوەشم یانەکە بگاتە قۆناخی چوار گۆشەی زێرین ببنە یەکێک لە یانە ڕکابەرەکانی بەدەستھێنانی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان.
کارزان کانەبی
