هەولێر پێنجشەممە گەشتی شاری نەجەف دەكات

هەولێر پێنجشەممە گەشتی شاری نەجەف دەكات
وا بریارە رۆژی پێنجشەممە كاتژمێر 6:30 خولەكی ئێوارە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی شاندی یانەی هەولێر بەرەو شاری نەجەف بەرێبكەون بەمەبەستی ئەنجامدانی یاری بەرانبەر یانەی نەجەف لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 12یەمی خولی نایابەكانی عێراق بۆ تۆپی پێ.
رۆژی هەینی كاتژمێر 2ی ئێوارە لە یاریگەی نەجەف هەردوو یانەی هەولێر و نەجەف رووبەرووی یەكتر دەبنەوە، لەم یارییە یانەی هەولێر لە ئاستی چەند یاریزانێك بێبەش دەبێت بەهۆی پێكان و وەرگرتنی كارتی رەنگاو رەنگ.
هەردوو یاریزان (دیار رەحمان، سعود فاریق) بەهۆی پێكان ناتوانن یاوەری تیپەكە ببن و هەروەها یاریزان (مستەفا ئەحمەد) بەهۆی وەرگرتنی سێ كارتی زەرد ناتوانێت بەشداری لەم یارییە بكات، بەڵام كامیران خالید دووبارە دەگرێتەوە تیپەكە دوای ئەوەی لە یاری بەرانبەر ئەمانە بەغداد كارتی سووری وەرگرت و لە یاری نەفتی ناوەراست یاری نەكرد.
لە بەرانبەردا یانەی نەجەف لە ئاستی یاریزان (عەلی قاسم) بەهۆی وەرگرتنی سێ كارتی زەرد بێبەش دەبێت.
شاندی یانەی هەولێر بۆ شاری نەجەف پێكهاتووە لە (بێجان ئیبراهیم(سەرۆك شاند)، موزفەر جەبار(راهێنەر)، مۆفق یونس(یاریدەدەری راهێنەر)، تاریق حجیە (راهێنەری لێهاتووی جەستەیی)، جەمیل مەحمود(راهێنەری گۆڵپارێز)، عەبدولخالق محەمەد(پزیشك)، پوشۆ خەسرەو و كاروان رەسول(كارگێری تیپ) و یاریزانان ( سەرهەنگ موحسین، رێباز عەبدوڵڵا، نەدیم كەریم، نیاز محەمەد، نەوزاد عەبدولحەمید، كامەران خالید، دڵدار خدر، ئیڤان خالید، تامر حاج محەمەد، بارزان شێرزاد، ئەحمەد قەدور، هۆگر حوسێن، رابەر خالید، سیروان خدر، فەرحان شكور، فەرهەنگ وریا).
یانەی هەولێر بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی 11یەمی خولەكە دێت و یانەی نەجەف بەكۆكردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی دەیەم دێت.
لە لایەكی ترەوە یانەی زاخۆ لە نێو یاریگەی خۆی میوانداری یانەی نەفت دەكات، كە زاخۆ لە هەفتەی رابردوو توانی یەكەم سەركەوتن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی تۆماربكات كاتێك بەئەنجامی (2-1) گۆڵ لە یانەی بەحری بردەوە و هەوڵ دەدات لە یارییە، كە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران ئەنجام دەدرێت بەردەوام بێت لە تۆماركردنی ئەنجامە باشەكانی بۆ ئەوەی لە ناوچەی مەترسیدار دووربكەوێتەوە.
خشتەی یارییەكانی ئەم هەفتەیە بەمشێوەیە:
رۆژی پێنجشەممە
نەفتی میسان – كەرخ
حەدود – سەماوە
زاخۆ – نەفت
حوسێن – زەورا
رۆژی هەینی
نەجەف - هەولێر
تەڵەبە - بەغداد
مینا - كەربەلا
بەحری - كارەبا
شورتە - قوە جویە
رۆژی شەممە
نەفتی جنوب - نەفتی ناوەراست
لەم هەفتەیە ئەم یاریزانانە بێبەش دەبن لە یاریكردن لەگەڵ یانەكانیان بەهۆی وەرگرتنی سێ كارتی زەرد:
1- مستەفا ئەحمەد لە یانەی هەولێر
2- عەلا عەبدولزەهرە لە یانەی زەورا
3- عەلی قاسم لە یانەی نەجەف
4- ئەبو كۆنیە لە یانەی تەڵەبە
5- عەلی عەبدوڵڵا لە یانەی سەماوە.
جێگەی باسە گشت یارییەكان كاتژمێر 2 ئەنجام دەدرێت و یاری شورتە و قوەجویە كاتژمێر چواری ئێوارە ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی
Top