كاتی هاتنی شاندی فیفا بۆ عێراق نادیارە

كاتی هاتنی شاندی فیفا بۆ عێراق نادیارە
وا بریار بوو رۆژی پێنجشەممە یەكێتی شاندێكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بگاتە عێراق بەمەبەستی سەردانی كردنی هەر سێ شاری (هەولێر، بەسرە، كەربەلا) بۆ دڵنیابوونی لە باروودۆخی ئەمنی هەر سێ شارەكە و ئامادەباشی یاریگاكان بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی یارییە دۆستانە و نێودەڵەتیەكان لەسەر عێراق، بەڵام تا ئێستا یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی كاتی گەیشتنی شاندەكە و پرۆگرامی گەشتەكەیان بۆ یەكێتی تۆپی پێی عێراق نەناردووە.
بە پێی سەرچاوەكان تا ئێستا دوو ئەندامی شاندەكە ئاشكرابوون، كە بەرەگەز ئوردنین و پێشتر سەردانی شاری هەولێریان كردووە لە چەند پاڵەوانێتیەك وەكو سەرپەرشتیاری یارییەكان ئامادەبوون.
تەڵال سویلمین خاوەن رەگەزنامەی ئوردنیە و یەكێك لە باشترین سەرپەرشتیاری یارییەكان لە كیشوەری ئاسیا چەندین جار لە یارییەكانی یانەی هەولێر لە جامی یەكێتی ئاسیا لە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئامادەبووە و هەروەها لە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكە لە ساڵی 2012، كە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجامدرا ئەندامی شاندی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بوو.
مونعم فاخوری خاوەن رەگەزنامەی ئوردنی بەرێوەبەری نووسینگەی شێخ سەلمان ین ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بوو و یەكێك لە كۆنترین سەرپەرشتیاری یارییەكانە لە كیشوری ئاسیا و چەندین جار لە یارییەكانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق، كە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرا ئامادە دەبوو.
بەپێی سەرچاوەكان بەبوونی ئەم دوو ئەندامە لە لێژنەی پشكنینی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) ئەوە بە رێژەیەكی زۆر ئابلوقەی یارییە نێودەوڵەتیەكان تەنیا لەسەر یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر هەلدەگیرێت.
رێبین رەمزی
Top