برایەتی ھەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکانی دەدات
لەگەڵ ئەوەی یانەی برایەتی ئەمساڵ ئامادەکارییەکانی وەکو پێویست نەبوو لە رووی ئامادەکارییەکانەوە بۆ خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام گرفتێکی تر ڕووی لەم یانەیە کردووە ئەویش بەدەستنەھێنانی ئەنجامی شایستە لە یارییەکانی پێنج ھەفتەی ڕابردوو ، بەڵام ستافی ڕاھێنەرانی یانەکە ھێشتا بێ ئومێد نەبووینە لە باشتر بوونی ئەنجامەکانیان لەم بارەشەوە فاتیح حمە خان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" ئەگەر بێت سەیری یارییەکانی ئێمە بکەی دەزانی کە ئەنجامەکانمان خراپە ، بەڵام ھیچ یانەیەک تەکتیکی یاری لە ئێمە جوانتر نییە ، بەڵام کێشەمان ئەوەیە گۆڵ تۆمارناکەین و ھێرشبەرێکی گۆڵکەرمان نییە زۆر داوامان کرد پێش دەستپێکی خولی نایابی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین گۆڵکارێکی باش بھێنین بێ پارەیی وای کرد نەتوانین یاریزانێکی گۆڵکار بھێنین، لەبارەی چارەسەر کردنی گرفتەکانیان فاتیح حمەخان گوتیشی " ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی بتوانین باشترین ئاست پێشکەش بکەین و ھێرشبەرێکی ئاست بەرز بھێنین، بەڵام ئەوەش پارەی دەوێن ، ئەگەر بۆ قۆناخی دووەمی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستانیش پارە ھەبێت ڕەنگە بتوانین گرێبەست لەگەڵ ھێرشبەرێک بکەین کە ئەوەش ھەلەی یانە بوو دەبوایە پێش دەست پێکی خولەکە ئەم داوایەی ئێمەی جێ بەجێ بکردایە، ئێستاش متمانەمان بەخۆمان ھەیە بتوانین کارێک بکەین ئەنجامەکانمان باش بکەینەوە، تیپەکەمان زۆربەی یاریزانەکانی لاو و خاوەن ئاستی بەرزن بەڵام زۆر جار گرفتێک دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی تیپەکە نەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بھێنێت ، ئومێدمان ھەیە بچینە قۆناخێکی تازەوە بە ھیمەتی ھەموو لایەک.
کارزان کانەبی
