بەھیوای ئەوەم بتوانم خزمەتی زیاتر وەرزش بکەم
بەھیوای ئەوەم بتوانم خزمەتی زیاتر وەرزش بکەم
قەزای ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی خاوەنی چەندین کچە یاریزانی بەتوانایە لە یارییەکانی تۆپی دەستی کە جێگەی دەستیان دیارە لەم یارییە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق ، سەرکەش سمکۆیە یەکێکە لە کچە یاریزانە ھەرە بەتواناکانی تیپی تۆپی دەستی یانەی کۆیە و خاوەنی ئاستێکی بەرزی یاری کردنە لە یاریی تۆپی دەست ،ناوبراو لە دایک بووی ساڵی ١٩٩٣ی حاجیاوەیە لە دەڤەری پشدەر و ناوبراو قۆناخی دووەمی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیە لە زانکۆی کۆیە و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەکەی لە ئاستی کوردستان و عێراق ئێمە لە نزیکەوە بۆ ئاشنا بوون بە ژیانی وەرزشیی چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* چۆن بوو خۆت لە نێو دونیای یاری تۆپی دەستی دۆزییەوە؟
-من لە قۆناخی ناوەندییەوە لە قوتابخانەکانەوە دەستم بە وەرزش کردووە و بەردەوامم لەگەڵی تاکو ئێستا تاڕادەیەکی باش سەرکەوتووش بوویمە.
* ئاستی یاری تۆپی دەستی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- تا ئێستا بە شێوەیەکی باش دەیبینم بەھیوای ئەوەم خول بکرێتەوە بۆ کچان لەسەر ئاستی کوردستان بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر بەرەوو پێش بچێت لە شارەکانی کوردستان.
* ھەست ناکەی ئاستی کچان وەکو پێویست نییە بەھۆی کەمی کردنەوەی پاڵەوانیەتی؟
-بێگومان ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی کچە وەرزشکاران ئەگەر خولی بەردەوام نەکرێتەوە یاریزانانیش بێزار دەبن و لە یارییەکە دووردەکەونەوە ، بەڵام ئەگەر خول و پاڵەوانیەتی بێگومان یاریزانی باش درووست دەبێت.
* چی بکرێت باشە بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە؟
-کردنەوەی خولی بەردەوام بۆ یاریزانان ئەوە ھۆکارێکی باشە بۆ ئەوەی ئەم یارییە جێگای خۆی ھەبێت لە نێو یارییەکانی تر ،دروست کردنی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لەسەر ئاستی کوردستان و دابین کردنی پێداویستیەکانی ئەم یارییە بۆ یاریزانان لەگەڵ یاریکای پێویست ئەوانە ھۆکارن بۆ باشتربوونی ئاستی ئەم یارییە.
* گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی ؟
-نەکردنەوەی خولی بۆ تیپەکانی کچان و قەیرانی دارایی دوو گرفتی سەرەکی ئەم یارییەن ئەگەر لە داھاتوو ئەمانە چارەسەر بکرێت ، کێشەکان چارەسەر دەبێت تاڕادەیەک.
* خەونی وەرزشیت چیە لە ژیانی یاریزانیت؟
-بەھیوای ئەوەم بتوانم خزمەتی زیاتر وەرزش بکەم و ئاستی خۆشم بەرەوو پیش ببەم زیاتر لە داھاتوو بدرەوشێمە لەم یارییە.
* بەھیوای ئەوە نیت ھەڵبژاردەی کوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتیکی نێودەوڵەتی بکات ؟
-ھیواخوازم کوردستان ببێت بەدەوڵەت تائێمەش وەکو نەتەوەکانی تر بەشداری خولەکانی جیھان بکەین، کە خەونی سەرجەم وەرزشوانانە منیش یەکێک بم لە یاریزانانی ھەڵبژاردەی تۆپی جەستی کوردستان.
* خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
-زۆر سوپاسیان دەکەم کە ئەوپەری ھاوکاریم دەکەن .
* بەچ یاریزانێک سەرسامی لە جیھان؟
-بە رۆنالدۆی پورتوگالی زۆر سەرسامم بە ئاستی ئەم یاریزانە ئەستێرەیە.
*لە ھەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق داوانەکراوی؟
-نەخێر تاکو ئێستا بەڵام بەھیوای ئەوەم بتوانم باشترین ئاست پێشکەش بکەم و بگەمە ریزی ھەڵبژاردەکەش.
*خوێندن رێگر نییە لە وەرزش کردنت؟
-نەخێر بە پێچەوانەوە من کاتەکانی خۆم بۆ ھەردووکیان دابەشکردووە بەھیوای ئەوەم بتوانم ھەردوو کارەکە بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدەم.
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چیە؟
-داوکاریم لە یەکێتی تۆپی دەستی کوردستان و لێژنەی ئۆلۆمپی و بەرپرسانی وەرزشیە کە گرنگی زیاتر بدەن بە تۆپی دەست وە پاڵپشتەیەکی باش بن بۆ تیپی کچان کە پێویستیان بە پاڵپشتیە تا بتواندرێت کچان سەرکەوتنی باشتر بەدەست بێنن، چونکە یاریزانان لە چاوەڕوانی پاڵەوانیەتیدان و ماوەیەکە ھیچ پاڵەوانیەتیەک نەکراوەتەوە با بەدوای سپۆنسەربگەرێن خول بکەنەوە یاریزان بێزار بووە لەم دۆخە.
* چیت ماوە لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم بۆ ئەم ھەموو خزمەت کردنە بە بواری وەرزشی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بەھیوای ئەوەم لە ماوەی تەمەنم خزمەتی زۆر بە وەرزش بکەم .
