وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق گەیشتە هەولێر
عەبدولحوسێن عەبتان بەمەبەستی بەسەركردنەوەی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری و چۆنیەتی ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە شاندی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی سەردانی شاری هەولێر دەكات، كە ماوەی یەك رۆژ دەخاینێت.
هەر ئەمرۆ شەممە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق كرد لەم سەردانەیدا هەردوو لا باسیان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی ئاسانكاری بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی یارییە نێودەڵەتیەكان لەسەر عێراق و بەتایبەتی لەسەر شاری هەولێر بۆ ئەوەی یانەكان و هەڵبژاردەكانی عێراق بتوانن یارییەكانی خۆیان لە پاڵەوانێتیە نێودەولەتیەكان لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن.
وا بریارە سبەی یەكشەممە كاتژمێر 12ی نیوەرۆ عەبدولحوسێن عەبتان وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق سەردانی یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بكات، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەم یاریگایە بەسەر بكاتەوە و لە پێداویستیەكانی ئاگادار بێت تاوەكو چارەسەری بكات.
جێگەی باسە ماوەی یەك هەفتەیە یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەهاوكاری یانەی هەولێر یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری نۆژندەكەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن تا 15ی ئەم مانگە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری بە باشترین شێوە لە پێشوازی شاندی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دا بێت.
رێبین رەمزی
