تەها قادر ئەركی راهێنەرایەتی یانەی هەندرێنی جێهێشت
لە لێدوانێكی تایبەتدا تەها قادر گوتی: بەهۆی خوێندنەوە، كە دەبێت بۆ ماوەی یەك مانگ گەشت بكەم بۆ وڵاتی میسر و لە تیپەكە داببرێم بەپێویستم زانی دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەكە بكەم، تاوەكو بتوانن لەم ماوەیەدا كەسێكی تر لە شوێنی من دەستنیشان بكەن.
لە درێژەی قسەكانیدا تەها قادر گوتی: هیچ كەسێك دەستی لە كارووباری من نەداوە و هەروەها هیچ كێشەیەكم لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكە و ستافی راهێنەران و یاریزانان نییە، بەڵكو هۆكاری سەرەكی خوێندنەكەم بوو لێرەوە سوپاسی هەموو لایەك دەكەم، كە لە كارەكەم پاڵپشتی من بوون.
لە كۆتایی قسەكانیدا تەها قادر گوتی: بۆ ماوەی یەك مانگ لە خولەكانی كوردستان دادەبرێم هەرچەندە لەگەڵ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی هەندرێن پلانی خۆمان بۆ ئەم بابەتە دانابوو، بەڵام لە دوا ساتەكان پڵانەكان گۆرانكاری بەسەر داهات و ناچار بووم ئەم هەنگاوە بنێم.
لە لایەكی ترەوە یانەی هەندرێن ووتەكانی تەها قادری راهێنەری هەندرێن پشت راستكردووە و حاكم جەمال سەرۆكی یانەكە لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: ئەمرۆ هەینی دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی 3 كاتژمێری رەزامەندی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی تەها قادر راهێنەری یانەكە درا، كە بەهۆی خوێندن نەیتوانی لەگەڵ تیپەكە بەردەوام بێت، هەرچەندە ئێمە هەوڵێكی جدیمان دا، كە لە بریارەكەی پاشگەزی بكەینەوە، بەڵام سوودی نەبوو، چونكە نەدەكرا یانەكەمان بكرێتە قوربانی و هەروەها دوا رۆژی تەها قادر بكرێتە قوربانی.
لە درێژەی قسەكانیدا حاكم جەمال گوتی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ راهێنەر نەبوو، بەڵكو تیپەكەمان لە كاتی ئێستادا لە پێشەنگی كۆمەڵەی خۆی دێتن و ئاستی یانەكەمان لە یارییەك بۆ یارییەكی تر بەرز دەبێتەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا حاكم جەمال گوتی: لە چەند رۆژی داهاتوو راهێنەرێكی تر بۆ یانەكەمان دەست نیشان دەكەین ئێستا چەند ناوێك لەبەردەم دەستەی كارگێری یانەی هەندرێن دایە و گونجاوتریان دەستنیشان دەكەین و ستافی راهێنەران، كە لەگەڵ تەها قادر كاریان دەكرد لە كارەكەی خۆیان بەردەوام دەبن.
لەسەرچاوەیەكی نزیك و باوەرپێكراو لە دەستەی كارگێری یانەی هەندرێن هەریەكە لە (سەمەد جەوهەر، دلشاد مەعروف، فازل عەباس) پالێوراوی سەرەكین بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی هەندرێن.
جێگەی باسە تا ئێستا دوو راهێنەر دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش بە یانەكانیانكردووە و قبوولكراوە، كە ئەوەیش (دلشاد مەعروف) راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر و (تەها قادر) راهێنەری یانەی هەندرێن.
رێبین رەمزی
