پێشمەرگەی هەولێر راهێنەری دەستنیشانكرد

پێشمەرگەی هەولێر راهێنەری دەستنیشانكرد
رۆژی پێنچشەممە دەستەی راهێنەرانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەكە كرد هەمان رۆژ دەستلەكاركێشانەوەیان قبووڵكرا، ئەمرۆ شەممە یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەشێوەیەكی كاتی راهێنەری تیپەكەی دەستنیشانكرد.
زرار محەمەد سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری گوڵان گوتی: ئەمرۆ شەممە بەشێوەیەكی كاتی بریاردرا فەتحی قەرەنی وەكو راهێنەری یانەكە دەستنیشانبكرێت و سبەی یەكشەممە یەكەم یەكەی مەشقی خۆی لەگەڵ یانەكە بەرێوە دەبات.
لە درێژەی قسەكانیدا زرار محەمەد گوتی: فەتحی قەرەنی راهێنەرێكی لاو و خاوەن ئەزموونێكی باشە لە بواری راهێنەرایەتی و راهێنەری تیپی لاوانی یانەكەمانە و ئامادەی گشت یارییەكانی تیپەكەمان بووە بۆیە شارەزایەكی تەواوی لەسەر یاریزانەكان و چۆنیەتی یاریكردنیان هەیە و ئەگەر لەم ئەركە كاتیە سەركەوتوو بێت رەنگە دەستەی كارگێری بەشێوەیەكی فەرمی وەكو راهێنەر دەستنیشانی بكات.
سەبارەت بە ستافی راهێنەران زرار محەمەد گوتی: بریارە سبەی یەكشەممە راهێنەرێكی گۆڵپارێز دەستنیشان بكەین تا ئێستا دوو تا سێ ناو پالێوراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری گۆڵپارێز لە هەمان كاتدا یاریدەدەری راهێنەر دەستنیشان ناكەین تا بەشێوەیەكی كۆتایی پرسی راهێنەر بۆ تیپەكە یەكلایی نەبێتەوە.
جێگەی باسە فەتحی قەرەنی لە دایكبووی ساڵی 1973ی هەولێرە و ساڵانێكی زۆرە لە بواری راهێنەرایەتی لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان كاری كردووە و چەندین دەستكەوتی هەیە ئەمە یەكەم جارە وەكو راهێنەری یەكەم لە خولی نایابی كوردستان كار بكاتظ
یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە پلەی حەفتەم و كۆتایی كۆمەڵەی یەكەم دێت بە بێ خاڵ دوای ئەوەی لە دوو یاری تووشی دۆران هاتن و وا بریارە لە هەفتەی چوارەمی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان میوانداری یانەی زێرەڤانی بكات لە یاریگەی پێشمەرگەی هەولێر لە شارۆچكەی پیرمام.
رێبین رەمزی
Top