دلشاد مەعروف: هیچ فشارێكم لەسەر نەبوو و بەئارەزووی خۆم دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەش بە یانە كرد

دلشاد مەعروف: هیچ فشارێكم لەسەر نەبوو و بەئارەزووی خۆم دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەش بە یانە كرد
دوای ئەوەی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوو یاری لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان تووشی دۆران هات بەرانبەر هەردوو یانەی نەورۆز و دهۆك، لە كاتی گەرانەوەی شاندی یانەكە بۆ هەولێر دەستەی راهێنەرانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر (دلشاد مەعروف، شاخەوان عارف، هێرش عەزیز) دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكشە بە دەستەی كارگێری یانەكە كرد، لە كۆبوونەوەی نائاسایی دەستەی كارگێری یانەی پێشمەرگە دەستلەكاركێشانەوەكەی قبووڵكرد.
دوای قبوولكردنی دەستلەكاركێشانەوی لە یەكەم لێدوانی بۆ دەزگا راگەیاندنەكان دلشاد مەعروف سەبارەت بەهۆكارەی دەستلەكاركێشانەوەی گوتی: دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ دەستەی راهێنەران پێمان باش بوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەش بە دەستەی كارگێری یانەكە بكەین، چونكە هەر كاتێك من لە شوێنێك سەركەوتوو نەبووم بەردەوام نابم.
بەسوپاسەوە دەستەی كارگێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر هەولێكی زۆریان دا لە كارەكەم بەردەوام، بەڵام نەمتوانی داوای ئەوان قبوول بكەم، چونكە بەرژەوەندی من و یانەكە ئەوەیە، كە لە كارەكەم بەردەوام نەبم.
لە درێژەی قسەكانیدا دلشاد مەعروف گوتی: هیچ فشارێكم لەسەر نەبوو و هبچ كێشەیەكم لەگەڵ یاریزانەكان نییە، بەڵام گومانم لە یاریزانی پیشەگەری سووری عەبدوڵڵا عەلی هەیە، كە رۆژێك پێش گەشتكردنمان بۆ شاری دهۆك بە بیانووی نەخۆشی دایكی هاوشانی گەشتەكەمان نەبوو و لە یاری دهۆك باجی نەهاتنی ئەو یاریزانمان دا، چونكە بۆ ماوەی 5 رۆژ پێش یارییەكە كارمان لەسەر ئەو پێكهاتەیە كردبوو، قورسە لە رۆژی یاری شوێنی یاریزانێكی سەرەكی پربكرێتەوە، دوای گەرانەمان هەواڵێكی ترمان لەسەر ئەم یاریزانە بیست، بۆیە ئەمە گومانی لە لای من دروستكرد.
لە وڵامی پرسیارێك سەبارەت بە ئەوەی زوو نییە لە دوو یاری دەستلەكار بكشێنیەوە لە وڵامدا دلشاد مەعروف گوتی: سیستەمی خولەكە هۆكارە، كە لە دوو یاری دەستلەكاربكشێنمەوە، چونكە ئەگەر خولەكە لە 26 یاری بێت ئەوە مەحالە ئەم كارە ئەنجام بدەم، بەڵام شێوازی ئێستای خولەكە ناچاری كردم ئەم بریارە بدەم، چونكە بەم سیستەمە هەر خاڵێك لە دەست بدەێت ئەوە هەنگاوێك لە خولەكە دوور دەكەویتەوە.
لە كۆتاییدا دلشاد مەعروف گوتی: ئێستا هەوڵ دەدەم پشوویەكی كورت وەربگرم و لە كاتی هاتنی هەر گرێبەستێك لە یانەیەكی تر ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەكەم دواتر بریاری لەسەر دەدەم.
رێبین رەمزی
Top