پێویستە لێژنەی ئۆلۆمپی و یانەکان دەست بکەن بە کارکردن لەسەر سیستەمی نوێ بۆ پێش خستنی ئەم یارییە
پێویستە لێژنەی ئۆلۆمپی و یانەکان دەست بکەن بە کارکردن لەسەر سیستەمی نوێ بۆ پێش خستنی ئەم یارییە
سنوری پارێزگای دھۆک لە یارییەکانی گۆرەپان و مەیدان خاوەن کۆمەلێک یاریزانانی بەتوانایە لە ھەردوو ئاستی کوڕان و کچان، پَشووتریش یانەکانی ئەو شارە جیا لە یانەکانی تری ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان دەدەن لەسەر ئاستی کوردستان و چەندین یاریزانی بەتوانا لەم شارە پێشەنگی یاریزانانی کوردستانیان گرتووە، بەڵام ماوەیەکە یانەکانی ئەو شارە پشتیان لەم یارییە کردووە و یاریزانەکانیش کۆچیان بۆ یانەکانی شاری سلێمانی کردووە ، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانیش پژان خۆشەڤییە ئەو لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٦ی پارێزگای دھۆکە و پێشووتریش لە ریزی یانەکانی سیروانی نوێ و وپێشمەرگەی ھەولێرو پێشمەرگەی سلێمانی و ھەڵبژاردەی عێراق یاری چەندین ئەنجامی بەرچاویشی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی بەدەستھێناوە، ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
*لە نێوان ئەم ھەموو یارییە چۆن بوو بە یاری گۆڕەپان و مەیدان ئاشنا بوویت؟
- لەسەرەتایی ژیانی وەرزشیم کە لە قوتابخانەکان دەستم پێ کرد ، من گۆڵپارێزی یاریی تۆپی پێی بووم دوای ئەوە بوومە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان و یاری ھەڵدانی پارسەنگ و ڕاکردنی ١٠٠مەتری ئەنجامداوە.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لەسەرئاستی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ؟
-لەسەر ئاستی کوردستان زۆر بە باشی دەبینم ھەر بۆنموونە چەندین یاریزانی بەتوانامان ھەیە کە دەتوانن ئەنجامی گەورە بەدەست بھێنن وەکو (مامۆستا شەمام، مامۆستا نەبەرز و داستان) ئەمانە ھەمووی یاریزانی بەتوانا و چەندین ڕاھێنەری بەتوانامان ھەیە کە توانای درووست کردنی یاریزانی باشیان ھەیە بۆ داوا رۆژ وەکو مامۆستا کارۆخ و دکتۆر ئازاد ،بەڵام لەلایەن چاودێرییەوە پشتیوانی نییە وە لێژنەی ئۆلۆمپی کەمتەرخەمە لە پێشخستنی ئەم یارییە.
*ئەی لە شار دھۆک لە چ ئاستێکەدا دەیبینی دھۆک ھەموو کات خاوەن یاریزانانی بەتوانا بووە کێبرکیان لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی گەورە کردوە ؟
-لەسەر ئاستی دھۆک گۆڕەپان و مەیدان مێژوویەکی پڕ دەستکەوتە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و یانەکانی عەرەبی ، بەڵام لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی دکتۆر ئازادی ڕاھێنەر و دامەزرێنەری ئەو تیپە بە شێوەیەکی بەرچاو شکستی ھێنا ئەم یارییە لە شاری دھۆک.
٤*پێت باشە چی بکرێت ، بۆبەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی بەرز؟
-تا ئێستا لە ئاستێکی زۆر خراپدایە ، پێویستە لێژنەی ئۆلۆمپی و یانەکان دەست بکەن بە کارکردن لەسەر سیستەمی نوێ بۆ پێش خستنی ئەم یارییە ئەویش بە دروست کردنی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان و ئەکادیمیای تایبەت بە وەرزشیی گۆڕەپان و مەیدان.
* باشترین ئەنجامە باشەکانت چین وەکو یاریزانێک ؟
-ژمارەی پێوانەیی یاری سوباعی لەسەر ئاستی عێراق بە ناوی من و لە ئێستادا یەکەمی کوردستانم و خاوەنی مەدالیای عەرەبیم و لە یاری ١٠٠مەتری پۆستە چەندین ئەنجامی باشم بەدەستھێناوە.
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەکو یاریزانێک ؟
- تیپەکەی ئێمە بەردەوام بەرنامەی تایبەتی خۆی ھەیە و مەشقەکانمان بەردەوامە ھەر خول و پاڵەوانیەتیەک ھەبێت ئێمە ئامادەین بۆ بەشداری کردن.
*کێشەو گرفتان چیە لەم یارییە ؟
-کێشەو گرفتمان نەبوونی یاریگا و نەبوونی پاڵەوانیەتی و کەمتەرخەمی یانەکان لەم بوارەدا ئەمانە ھەمووی کێشەن بۆ یاری گۆڕەپان و مەیدان.
* لە خێزانەکەت ھیچ کەسێکتان وەرزشوانە ؟
-لە خێزانەکەمان دایک و باوکم وەرزشکار بوونە بەڵام تەمەنی وەرزشیان کەم بووە لەبەر بارودۆخی ئەو کاتەی وەرزشیان کورت بووە، خاڵم یەکێک بووە لە باشترین یاریزانەکانی تۆپی دەستی لەسەر ئاستی کوردستان وشاری دھۆک
*خانەوادەکەن رێگرێت لێ ناکەن لە وەرزش کردنت ؟
-نەک تەنیا یارمەتیم دەدەن ، بەڵکو زۆر ھەوڵیانداوە بۆ ئەوەی ئاستی من بەردەوام لە پێش خستن بێت بۆ ئەم یارییە زۆر یارمەتیان داوام بۆ ئەوەی بچمە ریزی یانەی پێشمەرگەش.
* ھیواو ئاواتت وەکو وەرزشکارێک ؟
-ھیواو ئاواتم ئەوەیە وەکو وەرزشکارێک بتوانم بگەمە پاڵەوانیەتی جیھانی و مەدالیایەک بەدەست بێنم لەسەر ئاستی ئاسیا و و جیھانیش .
* بەچ یاریزانێک سەرسامی؟
- من زۆر بە ئاستی یاریزانی ئەمریکی مایکل فرد فلیپسی سەرسامم کە خاوەنی زۆرترین مەدالیایە لە ئۆلۆمپی لە یاری مەلەوانی.
*جگە لە یاری گۆڕەپان و مەیدان چ یارییەکی تر ئەنجام دەدەی؟
- یاری تۆپی پێش ئەنجام دەدەم و زۆریش چێژ لە یاری کردنی میسی وەردەگرم و وەکو یاریش گۆڵپارێزم و یاری زۆرانبازیش بۆ خۆم دەکەم.
*بۆچی لە شاری دھۆکەوە چوویتە سلێمانی و لەگەڵ پێشمەرگە وەرزش دەکەی؟
-چونکە لە دھۆک ھیچ یانەیەک نییە گرنگی بدات بە یاری گۆڕەپان و مەیدان.
*بە گرێبەست یارییان بۆ دەکەن یاخود تەنیا بە مووچە؟
-تەنیا بە مووچە یارییان بۆ دەکەم و ئاسودەم لەم یانەیە.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەکەم کەوا بەردەوام لە پشتوانی وەرزشکارانی سەرجەم شارەکانی کوردستانە بەبێ جیاوازی لە خزمەتی وەرزش دایە بۆ ئەوەی زۆرترین یاریزان بەسەربکاتەوە سوپاس بۆ خانەوادەکەم و ڕاھێنەر و یاریزانان و یانەکەشم.
