گەورەترین و بچووكترین راهێنەرانی بەشداربوو لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆپی پێی بناسە

گەورەترین و بچووكترین راهێنەرانی بەشداربوو لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆپی پێی بناسە
لەگەڵ دەستپێكردنی یارییەكانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆپی پێی ماڵپەری گوڵان روماڵێكی جیاواز دەكات، كە ئاماری یارییەكانی هەفتەی یەكەم باسكرا و هەروەها بچووكترین و گەورەترین یاریزان لە رووی تەمەنەوە لەگەڵ ژمارە و ناوی یاریزانە پیشەگەرەكان و رەنگی درێسی یانەكان، ئەمجارەش ناوی راهێنەرەكانی یانەكان لەگەڵ دەستنیشانكردنی گەورەترین و بچووكترین راهێنەرانی ئەم وەرزە باس دەكەین.
- لەم وەرزە تەنیا دوو راهێنەری پیشەگەر كار لەگەڵ یانەكان دەكەن، ئەوەیش (سەفوان عەبدولغەنی) راهێنەری یانەی گارە و (سەعد ناصر) راهێنەری یانەی ئارارات.
- عەبدوڵڵا مەحمود راهێنەری یانەی گازی باكوور، كە بە (شێخی راهێنەران) ناسراوە گەورەترین راهێنەری ئەم وەرزی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستانە، كە تەمەنی 55 ساڵە.
- سەفوان عەبدولغەنی راهێنەری یانەی گارە بچووكترین راهێنەری ئەم وەرزی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستانە، كە تەمەنی 33 ساڵە.
- لە كۆی 14 راهێنەری ئەم وەرزە، 10 راهێنەر لە سالی حەفتایەكان لە دایكبوونە.
- دوو راهێنەر لە ساڵی شەستەكان لە دایكبوونە.
- دوو راهێنەریش لە ساڵی هەشتایەكان لە دایكبوونە.
- تەنیا سێ راهێنەر توانیانە نازناوی خولی نایابی كوردستان بە دەستبهێنن، ئەوەیش یوسف كاكی راهێنەری یانەی هەولێر، كە لە وەرزی رابردوو نازناوەكەی بە دەستهێنا و(سەمیر بابۆ) راهێنەری یانەی زێرەڤانی، كە توانی لەگەڵ یانەی هەولێر دوو وەرز نازناوی خولەكە بە دەستبهێنێت و (دلشاد مەعروف) راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر توانی لەگەڵ یانەی بروسك دوو وەرز نازناوی خولی كوردستان بەدەستبهێنێت.
1- یانەی هەولێر
یوسف كاكێ راهێنەری یانەی هەولێرە و لە دایكبووی ساڵی (1968) یاریزانی پێشووی یانەكە بووە و هەروەها لە تیپی لاوان و تازەپێگەیشتووانی یانەی هەولێر وەكو راهێنەر كاریكردووە، لە وەرزی رابردوو لە یەكەم وەرزی لە خولی نایابی كوردستان توانی نازناوی خولەكە لەگەڵ یانەكەی بە دەستبهێنێت.

2- یانەی پێشمەرگەی هەولێر
دلشاد مەعروف راهێنەرایەتی ئەم تیپە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1974)، كە لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا بووە راهێنەری یانەكە، پێشتر دلشاد مەعروف لەگەڵ یانەی بروسك دوو جار نازناوی خولی نایابی كوردستانی بە دەستهێناوە و لە وەرزی رابردوو راهێنەری یانەی هەندرێن بوو.

3- یانەی برایەتی
فاتح حەمە خان راهێنەری یانەكەیە و لە دایكبووی ساڵی (1976)ە، تا ئێستا نەیتوانیوە لەگەڵ یانەی برایەتی هیچ دەستەكەوتێك بە دەستبهێنێت و پێشتر لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی وەكو راهێنەر كاری كردووە.

4- یانەی دهۆك
ئاشتی مستەفا راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1973) لە وەرزی رابردوو توانی لەگەڵ یانەكەی پلەی سێیەمی خولی نایابی فاستلینكی كوردستان بە دەستبهێنێت.

5- یانەی نەورۆز
یاسین عەبدولمناف راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1980)یە و بۆ یەكەم جارە راهێنەرایەتی لە خولی نایابی كوردستان دەكات و لەسەرەتای ئەم وەرزە ئەركە راهێنەرایەتی یانەی نەورۆزی وەرگرت و خاوەن بروانامەی دكتۆرایە لە بواری زانستی مەشق.


6- یانەی گازی باكوور
عەبدوڵڵا مەحمود راهێنەرایەتی ئەم یانەیە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1962)ە و بە (شێخی راهێنەران) ناسراوە لە وەرزی رابردوو توانی بۆ یەكەم جار لە مێژووی یانەكە، یانەی گازی باكوور بۆ خولی نایابی كوردستان سەربكەوێت، هەرچەندە عەبدوڵڵا مەحمود راهێنەرایەتی چەندین یانەی كوردستانی كردووە، بەڵام تا ئێستا نازناوی خولی نایابی كوردستانی بە دەست نەهێناوە.

7- یانەی زێرەڤانی
سەمیر بابۆ راهێنەرایەتی ئەم تیپە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1975)ە بۆ یەكەم وەرزە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە دەگرێتە ئەستۆ.
سەمیر بابۆ دوو جار نازناوی خولی نایابی كوردستان لەگەڵ یانەی هەولێر بەدەستهێناوە و لە وەرزی رابردوو باشترین دەستكەوتی بۆ یانەی پێشمەرگەی هەولێر بەدەستهێنا كاتێك توانی پلەی دووەمی خولەكە مسۆگەر بكات.

8- یانەی كەركووك
دارەوان قادر راهێنەرایەتی ئەم تیپە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1974)ە و تا ئێستا هیچ نازناوێكی لە خولەكە بە دەستنەهێناوە و لە وەرزی رابردوو راهێنەری یانەی كەركووك بوو.

9- یانەی گارە
سەفوان عەبدولغەنی راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1983)ە و بۆ یەكەم جارە ئەركی راهێنەرایەتی یانەیەك وەردەگرێت و بچووكترین راهێنەری خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستانە.

10- یانەی شێروانە
كاروان محەمەد ساڵح راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1977)ە و لە ساڵانی رابردوو وەكو یاریدەدەری راهێنەرەكانی یانەی شێروانە كاری دەكرد، بەڵام لەم وەرزە یانەی شێروانە وەكو راهێنەر دەستنیشانیكردووە.

11- یانەی ئارارات
سەعد ناسر راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1971)ە و لە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی ئارارات سەرەتا وەكو راهێنەری گۆڵپارێز كاری دەكرد پاشان وەكو راهێنەری یەكەمی یانەكە دەستنیشانكرا.

12- یانەی هەندرێن
تەها قادر راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1977)ە و پێشتر تەنیا لە یانەی ئاڵا وەكو راهێنەر كاری كردووە.


13- یانەی سیروانی نوێ
رزگار عەلی راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی (1970)ە و لە وەرزی رابردوو توانی یانەكەی دووبارە بۆ ریزی خولی پلە نایابەكانی كوردستان بگرێنتەوە.

14- یانەی زاخۆ
محەمەد یوسف راهێنەرایەتی تیپەكە دەكات و لە دایكبووی ساڵی ( 1975)ە و لە وەرزی رابردوو راهێنەری یانەی دهۆك بوو، بەڵام بەشێوەیەكی كتوپر یانەكەی جێهێشت و لەم وەرزە بووە راهێنەری یانەی زاخۆ.

وا بریارە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی یارییەكانی هەفتەی دووەمی خولەكە ئەنجام بدرێت و یارییەكانیش كاتژمێر 2:30 خولەكی ئێوارە بەرێوە دەچێت.
رێبین رەمزی
Top