گەورەترین و بچووكترین یاریزانی خولی پلە نایابەكانی پێشمەرگەی كوردستان بناسە

گەورەترین و بچووكترین یاریزانی خولی پلە نایابەكانی پێشمەرگەی كوردستان بناسە
هەفتەی رابردوو یارییەكانی هەفتەی یەكەمی خولی پلە نایابەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تۆپی پێی دەستی پێكرد، لە رۆژانی رابردوو بەشی وەرزشی ماڵپەری گوڵان ئامار و ئەنجام و گۆڵكارانی خولەكانمان ئاشكرا كرد، ئەمرۆش گەورەترین یاریزانی خولەكە و بچووكترین یاریزانی خولەكە دەستنیشان دەكەین.
لەم وەرزدا هەردوو یانەكەی شاری هەولێر (پێشمەرگەی هەولێر، یانەی هەولێر) خاوەنی بچووكترین یاریزان و گەورەترین یاریزانی خولەكەن.


عیماد ئەسعەد كاپتنی پێشمەرگەی هەولێر لە دایكبووی ساڵی (1977)ی شاری هەولێرە واتە تەمەنی نزیكەی (40) ساڵە و لە هێڵی بەرگری یاری دەكات.
ئەم یاریزانە گەورەترین یاریزانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستانە لەم وەرزە و پێشتر لە ریزی یانەی هەولێر یاریكردووە.


لە دوای عیماد ئەسعەد، كاپتنی یانەی زێرەڤانی خالید موشیر بە دووەم گەورەترین یاریزانی خولەكە دێت، كە ناوبراو لە دایكبووی ساڵی (1978) واتە تەمەنی نزیكەی (39) ساڵە.
خالید لە هێڵی بەرگری یاری دەكات و پێشتر لە ریزی یانەی دهۆك و هەولێر و زاخۆ یاریكردووە و لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقیش یاریكردووە.


ئەحمەد سەرتیپ ناسراو بە (لولو) لە دایكبووی ساڵی (2000)ی شاری هەولێرە تەمەنی تەنیا (16) ساڵە و لە باڵەكان و هێڵی هێرشبەر یاری دەكات.
ئەم یاریزانە بچووكترین یاریزانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان و لە یەكەم یاری خولەكە بەرانبەر یانەی دهۆك بەشداریكرد، لە مێژووی خۆیدا ئەم یاریزانە تەنیا لە ریزی یانەی هەولێر یاری كردووە و لە وەرزی رابردوو وەكو بچووكترین یاریزان لە مێژووی خولی نایابی عێراق لەگەڵ یانەی هەولێر بەرانبەر قوە جویە یاریكرد.
رێبین رەمزی
فۆتۆ: سەبور رەشید - بستێر حیكمەت
Top