مێسی و نێیمار لە لایەن ڕۆژنامەیەکی مەدریدیەوە وەك پێشەنگی چامپیۆنزلیگ دادەنرێن

مێسی و نێیمار لە لایەن ڕۆژنامەیەکی مەدریدیەوە وەك پێشەنگی چامپیۆنزلیگ دادەنرێن
بەپێی ئامارێکی ڕۆژنامەی (ماڕکا)ی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، دوای تەواوبوونی چوار گەڕی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو ئەستێرەی بارسێلۆنا مێسی و نێیمار وەک باشترین گۆڵکار و خاوەن زۆرترین ئاسیست لە نێو باشترین یاریزانانی چامپیۆنزلیگ دەرکەوتوون.

لەم بارەیەوە، ڕۆژنامەی ماڕکا ئاماژەی کردووە کە لیۆ مێسی دوای چوار یاری لە کۆمەڵەی گروپەگان توانیویەتی 7 گۆڵ تۆمار بکات ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزە و بەم شێوەیە پێشەنگی گۆڵکارانی داگیر کردووە، هەروەها ژمارەی گۆڵەکانی لەم پاڵەوانێتییەدا بۆ 89 گۆڵ بەرز دەکاتەوە، بەمەش لە ڕیکۆردە مێژووییەکەی کریستاینۆ ڕۆناڵدۆ نزیک دەبێتەوە کە ماوەیەکە لەسەر 95 گۆڵ گیری خواردووە، لە ئیستا تەنها بە جیاوازی 6 گۆڵ دۆن پێش مێسی کەوتووە، دوای مێسی هەر یەکە لە کاڤانی و لیڤاندۆسکی و مەسعود ئۆزێل بە تۆمار کردنی 4 گۆڵ بە هاوبەشی دووەمی ریزبەندی گۆڵکارانیان گرتووە.

سەبارەت بەو یاریزانەی زۆرترین ئاسیستی لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ هەبووە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی کردووە، کە نێیمار یاریزانی یانەی بارسێلۆنا زۆرترین گۆڵی دروست کردووە، بەپێی ئامارەکە نێیمار خاوەن 6 ئاسیستە لە چوارگەڕی چامپیۆنزلیگدا ئوەش ڕێژەیەکی زۆر بەرزە، دوای ئەو هەر یەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لویس سوارێز بە 3 ئاسیست هاتوون ، دوای ئەوانیش هەر یەکە لە مێسی و ئەگوێرۆ و گاریس بەیل و مەسعود ئۆزێل و ئالێکسس سانچێز دوو ئاسیستیان هەیە.

hamataqana
Top